رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، 12 ملیار دۆلار کە بەشێکە لە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران، بۆ کڕینی گەنم و سۆیا لە جووتیارانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت. لە بەرامبەردا تاران ئەو مەرجە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "بە ئارەزووی خۆمان پارەکە خەرج دەکەین."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی و لە کاتی واژۆکردنی فەرمانێکی کارگێڕی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ، ئاماژەی بە "بازاڕێکی نوێ" بۆ جووتیارانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئێمە بازاڕەکان بەڕووی هەناردەی ئەمریکادا دەکەینەوە. بازاڕێکی نوێمان لەپێشە کە ئەویش وڵاتی خۆشەویستی ئێرانە؛ شوێنێکی جوانە."
ترەمپ لەبەردەم جووتیارە ئامادەبووەکاندا گوتیشی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشەی خۆراکی هەیە؛ ئێمە پارەکانیان وەردەگرین و گەنم، سۆیا و گەنمەشامییان پێ دەفرۆشین. ئەم پرۆسەیە زۆر زوو دەستپێدەکات و کارێکی گەورە دەبێت."
هەفتەی رابردوو لە ڤێرسای، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بڕی 12 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێت، بەڵام شێوازی خەرجکردنی پارەکە بووەتە جێگەی مشتومڕ.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئەگەر داراییەکان ئازاد بکرێن، ئێران بۆ دەوڵەمەندکردنی جووتیارانی ئەمریکا و دابینکردنی خۆراک بۆ گەلی ئێران بەکاریان دەهێنێت."
دواتر ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ روونکردنەوەی زیاتری دا و نووسی: "ئەو پارانەی وەزارەتی گەنجینە ئازادیان دەکات، دەخرێنە هەژمارێکی پارێزراوەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە. تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی پزیشکی لە ئەمریکا بەکاردێن، بەتایبەتی گەنم و سۆیا لە جووتیارە مەزنەکانمان."
تاران بە توندی وەڵامی ئەم لێدوانانەی دایەوە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پارە ئازادکراوەکان "بە ئازادیی رەهای ئێران" بۆ کڕینی هەر کاڵایەک کە وڵات پێویستی بێت بەکاردەهێنرێن.
ئیسماعیل بەقایی گوتیشی: "جێگەی سەرنجە؛ ئەو جەنگەی ئامانجەکەی لەناوبردنی شارستانییەتی ئێران و رووخانی دەوڵەت بوو، ئێستا بووەتە هەوڵێک بۆ دەوڵەمەندکردنی جووتیارانی ئەمریکا." راشیگەیاند، ئێران لە کڕینی کاڵادا سەیری "نرخ و کوالێتی" دەکات، نەک ئەو مەرجانەی واشنتن دەیسەپێنێت.
هاوکات عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە جنێڤ، رایگەیاند: "تەنیا ئێران بڕیار دەدات چی بەو سەروەت و سامانانە دەکات."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)