رووداو دیجیتاڵ
سێ خوشکی بەڕازیلی کە تەمەنیان پێکەوە 316 ساڵە و ناویان چووەتە نێو کتێبی ریکۆردە جیهانییەکانی گینس، بوونەتە تاقیکەرەوەی سەرەکی بۆ پڕۆژەیەکی زانستی کە ئامانجی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی تەمەندرێژی و پاراستنی توانای مێشک و جەستەیە لە پیربووندا.
پڕۆژەی DNA Longevo کە لەلایەن مایانا زاتز لە زانکۆی ساوپاولۆ سەرپەرشتی دەکرێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکارە بایۆلۆژییەکانی پشت پیربوون دەکات. زانایان دەیانەوێت تێبگەن بۆچی هەندێک کەس لە تەمەنێکی زۆر گەورەدا، بەبێ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و بە مێشکێکی باشەوە دەمێننەوە.
مایانا زاتز، رێکخەری سەنتەری توێژینەوەی جینۆمی مرۆڤ لە زانکۆکە، دەڵێت، "لە رێگەی پشکنینی DNA، بەدوای جینە پارێزەرەکاندا دەگەڕێین. هەرچی ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 100 ساڵە زیاتر بێت، توێژینەوەکەمان وردتر دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو جینانە."
بۆماوە یان شێوازی ژیان؟
ئەم سێ خوشکە بریتین لە: زولینا دی دیۆس (103 ساڵ)، زۆراید دی دیۆس (104 ساڵ) و لیڤیتا دی دیۆس (109 ساڵ). زانایان پێیانوایە هۆکارە بۆماوەییەکان (جینات) رۆڵێکی گەورەتریان هەیە لە پاراستنی تەندروستی لە تەمەنی پیریدا، بەراورد بە هۆکارە ژینگەییەکان.
بێن مایەرز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی LongeviQuest کە چاودێری تەمەندرێژەکان دەکات، دەڵێت: "کاتێک سێ خوشک دەگەنە ئەم تەمەنە، دیارە هۆکارێکی بەهێزی بۆماوەیی لە پشتە، بەڵام ژیانیان لە نزیک یەکتری و هەبوونی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و خێزانی بۆ هاوکاری، هۆکارێکی دیکەی گرنگە."
خواردنی تازە و شیردانی سروشتی
خوشکەکان نهێنیی تەمەندرێژییان بۆ پارێزگاری لە خواردن و ژیانێکی چالاک دەگەڕێننەوە. زولینای تەمەن 103 ساڵ باس لەوە دەکات کە منداڵییان بە مەلەکردن و راوەماسی لە رووبارەکاندا بەسەر بردووە و دەڵێت: "هەموو شتێک تازە بوو، ئەو کاتە سەلاجەمان نەبوو."
زۆرایدی تەمەن 104 ساڵیش، کە پێنج منداڵی پەروەردە کردووە، جەخت لە گرنگیی "شیردانی سروشتی" دەکاتەوە وەک هۆکارێک بۆ تەندروستییەکی باش.
لیڤیتای تەمەن 109 ساڵیش، کە پێشتر وەک دەستڕەنگینێک و دواتر لە تەلەڤزیۆنێک کاری کردووە، بە دڵخۆشییەوە دەڕوانێتە رابردووی و دەڵێت: "منداڵی و مێرمنداڵییەکی باشم هەبوو، ناتوانم گلەیی بکەم."
ئامانجەکە 500 کەسە
تیمی توێژینەوەکە دەیانەوێت بگەنە 500 کەسی تەمەن سەروو 100 ساڵ، بۆ ئەوەی ئەنجامەکان وردتر بن. جواو پاولۆ گیلهێرمی، یەکێک لە توێژەرانی پڕۆژەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە دەیانەوێت بزانن چۆن جیناتەکان دەبنە قەڵغان بۆ پاراستنی دڵ، ماسولکە و مێشک لە بەرامبەر کاریگەرییە تووندەکانی پیربوون.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
