رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگەکانی (فێستیڤاڵی مۆسیقا) لە فەرەنسا، کە ساڵانە ملیۆنان کەس تێیدا بەشدار دەبن، بۆ پشێوی و تووندوتیژی گۆڕان. راپۆرتەکان ئاماژە بە دەستدرێژیی سێکسی، چەقۆلێدان و دەرزیلێدان دەکەن و پۆلیسیش زیاتر لە 240 کەسی دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ـی بەریتانی، ئاهەنگەکانی ئەم ساڵی فێستیڤاڵەکە لە چەندین شاری فەرەنسا، بەتایبەتی لە پاریس، پشێوی و تووندوتیژیی گەورەیان بەخۆوە بینیوە. شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین رووداوی مەترسیدار لەنێو قەرەباڵخییەکاندا روویان داوە.
دەرزیلێدان و دەستدرێژیی سێکسی
یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو رووداوانەی تۆمارکراون، سکاڵای چەندین ژنە لەسەر ئەوەی لەنێو قەرەباڵخییەکەدا بە دەرزی هێرشیان کراوەتە سەر. قوربانییەکان گوتوویانە، دوای دەرزییەکە هەندێکیان بێهۆش بوون. ژنێک لە شەقامی (مادلین) لە پاریس دوای ئەوەی دەرزیی لێدراوە، بێهۆش بووە و بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
هاوکات، پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چەند سکاڵایەکی دەستدرێژیی سێکسی دەکات، کە باس لەوە دەکرێت دوو لەو حاڵەتانە "دەستدرێژیی سێکسیی تەواو" بوون. هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە قوربانییەکان تەمەنیان بچووکە.
دیمەنی ترسناک و پشێوی
لە ناوچەی شاتێلێ لە نێوەڕاستی پاریس، شایەتحاڵەکان باس لە دیمەنی ترسناک دەکەن؛ شەڕی گرووپەکان، چەقۆکێشی و پاڵەپەستۆی زۆر کە بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەراوکێ لەنێو خەڵکدا.
ستیڤ، گەشتیارێکی بەریتانی کە لەوێ بووە، بە دەیلی مەیلی گوتووە: "کەشەکە زۆر مەترسیدار بوو، قەرەباڵخییەکی هێندە زۆر هەبوو کە خەڵک نەیاندەتوانی بجوڵێن، لە چەند لایەکەوە شەڕ و پێکدادان دروستبوو."
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندووە، لەسەرانسەری وڵاتدا 243 کەس بەهۆی تێوەگلان لە تووندوتیژییەکان دەستگیرکراون، کە زۆربەیان لە پاریس بوون. بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هەزاران ئەفسەری پۆلیس و کارمەندی بەرگریی شارستانی بڵاوەیان پێکرا و درۆن و هێلیکۆپتەر بۆ چاودێریکردنی ناوچەکان بەکارهێنران.
ئەم رووداوانە لە فەرەنسا مشتومڕی سیاسی لێکەوتووەتەوە؛ رەخنەگران حکومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی نەیانتوانیوە رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە کاتی فێستیڤاڵە گەورەکاندا بگرنەبەر، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرگری لە پلانە ئەمنییەکانیان دەکەن.
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشەکان بەردەوامن و پۆلیس چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لە رێگەی دەرزییەکانەوە چ ماددەیەک کراوەتە جەستەی قوربانییەکانەوە.



