رووداو دیجیتاڵ
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئاماژە بە کاریگەریی سەرکەوتنەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی و هاندانی منداڵان بۆ رووکردنە وەرزش دەکات و دەڵێت، "ئەوە جێگەی شانازییە کە ئێستا کەسێکمان لەم ئاستەدا هەیە."
ئونداڤ لەبارەی دەنگدانەوەی سەرکەوتنەکانی لەناو کۆمەڵگەی کوردی ئێزدی و بوونی بە نموونە بۆ نەوەی نوێ، رایگەیاند: "هیوادارم تەنیا بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی نا، بەڵکو سەرکەوتنەکانم ببێتە هۆی ئەوەی هەموو منداڵان زیاتر روو لە تۆپی پێ و وەرزش بە گشتی بکەن."
ئەو هێرشبەرە کوردە جەختی لە گرنگیی بوونی "کەسایەتیی پێشەنگ" کردەوە بۆ منداڵان و گوتی: "زۆر گرنگە کەسایەتییەک وەک نموونە هەبێت؛ ئێستا چەند یاریزانێکی گەورەمان هەیە کە منداڵان دەتوانن چاویان لێبکەن و بیکەنە نموونەی خۆیان."
دێنیز ئونداڤ باس لەوەش دەکات کە لە رێگەی دایک و باوکییەوە بەردەوام هەواڵی ئەو کاردانەوە و خۆشەویستییانەی پێدەگات کە خەڵک بۆی هەیانە و دەڵێت: "هەمیشە لە دایک و باوکمەوە دەبیسم کە خەڵک چۆن سەیری من دەکەن و چۆن دەمبینن، ئەمەش هەستێکی پڕ لە شانازیم پێدەبەخشێت کە دواجار کەسێکمان لەم ئاستە بەرزەدا هەیە."
ئونداڤ لە مۆندیالی 2026 سێ یاریی وەکو یاریزانی یەدەگ کردووە، سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستی کردووە، ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مۆندیالە.


