رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند و بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 235 کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار و 500 کەسی دیکە، شەپۆلێکی بەرفراوانی هاوکاریی نێودەوڵەتی و تیمەکانی فریاگوزاری بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوتن.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، دێڵسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، تیمە پسپۆڕەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشووێنبوواندا هاوکارییان دەکەن. ئیسپانیا و فەرەنسا دەیان شارەزایان ناردووە و ئەڵمانیاش بەڵێنی ناردنی شەش فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی داوە.
هاوکارییەکانی ئەمریکا و چین
سوپای ئەمریکا کە دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، چاودێریی دۆخی ڤەنزوێلا دەکات، بڕیاری دا دوو کەشتیی جەنگی، چەندین فڕۆکەی بارهەڵگر و هێلیکۆپتەر بۆ ئەو وڵاتە بنێرێت، هاوکات 150 ملیۆن دۆلاریشی وەک هاوکاری تەرخان کردووە. دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە لە تەنیشت هاوڕێ نوێ و مەزنەکانمان دەوەستین."
حکومەتی چین ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ دابینکردنی هەر هاوکارییەک کە لایەنی ڤەنزوێلی پێویستی بێت. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ ناردنی تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن.
سویسرا تیمێکی 80 کەسی و 8 سەگی راهێنراو و 18 تۆن کەلوپەلی رەوانەی ڤەنزوێلا کردووە. هۆڵەندا پاکێجێکی هاوکاریی دوو ملیۆن یۆرۆیی راگەیاند و کۆماری چیکیش تیمی فریاگوزاری ئامادە کردووە. هاوکات پاپا لیۆی 14یەم بڕی 100 هەزار یۆرۆی وەک هاوکاریی سەرەتایی رەوانە کرد و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سووریش 2.5 ملیۆن دۆلاریان تەرخان کرد.
وڵاتانی دراوسێی ڤەنزوێلا بە خێرایی وەڵامی کارەساتەکەیان دایەوە:
بەرازیل: نەخۆشخانەیەکی مەیدانی و 36 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و پسپۆڕی پەیوەندییەکانی ناردووە.
مەکسیک: تیمێکی سەربازیی رزگارکردن و پزیشکی رەوانە کردووە.
ئێلسالڤادۆر: 300 کارمەندی رزگارکردن و 50 تۆن دەرمان و پێداویستیی ناردووە.
کۆڵۆمبیا: زیاتر لە 60 کارمەند و 12 تۆن هاوکاریی مرۆیی رەوانەی وڵاتی دراوسێی کردووە.
کوبا: تیمە تەندروستییەکانی پێشتر لە ناوچە لێقەوماوەکان دەستیان بە کار کردووە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ژاپۆن، کە خۆیشی هەر ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی 7.2 پلە هەژاندی بەڵام زیانی گەورەی نەبوو، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ڤەنزوێلا کرد. پێدرۆ سانچێز (سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا)، جۆرجیا مێلۆنی (سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا) و فریدریش مێرتس (راوێژکاری ئەڵمانیا) هاوسۆزیی خۆیان دەربڕی. حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەی لە کاراکاس زیانی بەرکەوتووە. هەروەها هەردوو وڵاتی شەڕکەر، ئۆکراینا و رووسیا، سەرەخۆشییان ئاراستەی قوربانییان کرد.
یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، سیستەمی چاودێریی مانگە دەستکردەکانی کارا کردوە بۆ دیاریکردنی زیانەکان و ئامادەیە بۆ زیادکردنی گوشارە مرۆییەکان و گەیاندنی هاوکاریی زیاتر بۆ لێقەوماوان.



.jpg&w=3840&q=75)
