رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئابەوە نرخی ئامێرەکانی یاریی ڤیدیۆیی "ئێکس بۆکس" لە سەرانسەری جیهاندا 100 بۆ 150 دۆلار زیاد دەکات؛ ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی پارچە ئەلیکترۆنییەکان کە بەهۆی ژیریی دەستکردەوە دروست بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بڵاویکردەوە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نرخی ئێکس بۆکس مۆدێلی سیریەس ئێس بۆ 500 دۆلار و مۆدێلی سیریەس ئێکس بۆ 800 دۆلار بەرز دەبێتەوە. کۆمپانیاکە هۆکاری ئەم گرانبوونە کتوپڕەی بۆ زیادبوونی تێچوی بەرهەمهێنان و ئەو گوشارە گەورەیە گەڕاندووەتەوە کە لەسەر بازاڕی چیپەکان دروست بووە.
کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر نرخەکان
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، دروستکردنی خێرای سەنتەرەکانی داتا بۆ مەشقپێکردنی ژیریی دەستکرد، وایکردووە نرخی چیپەکانی میمۆری و کۆگاکردن بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز ببێتەوە. مایکرۆسۆفت دەڵێت، تێچووی ئەم پارچانە دوو هێندە زیادیکردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 دووبارە دوو هێندەی دیکە گران ببنەوە.
ئەم بازاڕە کە لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک سامسۆنگ، ئێس کەی هاینیکس و میکرۆنەوە کۆنترۆڵ کراوە، چەندین مانگە بەدەست کەمیی بەرهەمەوە دەناڵێنێت، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئامێری ئەلیکترۆنی بەرهەم دەهێنن.
ئەم شەپۆلە نوێیەی گرانبوون تەنیا بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفتی نەگرتووەتەوە؛ لە چەند مانگی رابردوودا کۆمپانیاکانی سۆنی و نینتێندۆش نرخی ئامێرەکانی یارییان گران کردووە. کۆمپانیای ئەپڵیش رایگەیاندووە، نرخی کۆمپیوتەرەکانی ماک و ئایپاد بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
مایکرۆسۆفت ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامێرەکانی یاری، بە پێچەوانەی مۆبایل و کۆمپیوتەر، زۆرجار بە قازانج نافرۆشرێن، بەڵکو بە نرخێک دەفرۆشرێن کە لە تێچوی دروستکردنەکەیان کەمترە. سۆنی رکابەریشی پێشتر نرخی پلەیستەیشن 5ی لە ئەورووپا بۆ 650 یۆرۆ بەرز کردبووەوە. ئەمەش نزیکەی 100 دۆلاری لە نرخی پێشووی زیاتر بووە.



