رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ژاپۆن رۆژی هەینی رایانگەیاند، زیاتر لە 100 گەشتی ئاسمانییان هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش بەهۆی نزیکبوونەوەی دوو زریانی خولگەیی بۆ سەر وڵاتەکە؛ دەسەڵاتدارانی ناوخۆیش هۆشدارییان داوەتە هەزاران کەس تاوەکو ناوچەکانیان چۆڵ بکەن بەهۆی مەترسیی لافاو و رۆچوونی زەوی.
رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، زریانی "مێکهالا" کە خێراییەکەی دەگاتە 144 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای ژاپۆنی گرتەوە و بارانێکی زۆری لەگەڵ خۆی هێناوە.
شارەزایانی کەشوهەوا لە ژاپۆن پێشبینی دەکەن ئەم زریانە لە کۆتایی هەفتەدا لەگەڵ زریانێکی دیکە بە ناوی "هیگۆس" یەکبگرێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەیەکی دەگمەن بەناوی "کاریگەریی فوجیوارا" کە تێیدا دوو زریان کار دەکەنە سەر جووڵەی یەکدی و پێشبینیکردنی ئاراستەکەیان قورستر دەبێت.
بەپێی ئامارەکان، کۆمپانیای جاپان ئایەرلاینز 70 گەشت و کۆمپانیای ئۆڵ نیپۆن ئایەروەیز 50 گەشتیان بۆ ناوچەکانی ئۆکیناوا و کاگۆشیما هەڵوەشاندوەتەوە. هاوکات، هەرێمی کیۆتۆ داوای لە هەزاران دانیشتووی ناوچەکە کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە ئاستی ئاوی رووبارە سەرەکییەکان لە کیۆتۆ و ئۆساکا روو لە بەرزبوونەوەیە.
ئەم بارودۆخە نالەبارەی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر کەرتی پیشەسازیش هەبووە. کۆمپانیای تۆیۆتا کارەکانی لە کارگەیەکی هەرێمی کیوشو راگرتووە بەهۆی داخرانی رێگەوبانەکان، هەروەها نیسانیش رایگەیاندووە، بەنیازە هەندێک لە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی رابگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ژاپۆن بەهۆی ئەم زریانانەوە یەکەم گەشتی جۆرێک لە فڕۆکە بارهەڵگرەکانی بۆ دوورگەی میاکۆ هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو وەک بەشێک لە راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکرێت. ئەم پەرەسەندنانە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دەزگاکانی فریاگوزاری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە تووندەی کەشوهەوادا.



