رووداو دیجیتاڵ
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، سەرپەرشتیی زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی چەکی ستراتیژیی کرد و داوای بەهێزکردنی توانای هێرشبەریی وڵاتەکەی لەسەر سنورەکانی کۆریای باشوور کرد؛ ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ یادی هەڵگیرسانی جەنگی کۆریا.
رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، میدیا فەرمییەکانی کۆریای باکوور بڵاویان کردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی کڵاوەی جەنگیی "ئەرکی تایبەت"ی بۆ موشەکێکی بالیستیی تاکتیکی کردووە. کیم لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا رایگەیاندووە سیاسەتی بەرگریی وڵاتەکەی ئامانجیەتی "پێگەیەکی هێرشبەریی کوشندە و وێرانکەر بنیاد بنێت بە جۆرێک هیچ دوژمنێک نەیێرێت رووبەڕوومان ببێتەوە."
نمایشکردنی هێز دژی کۆریای باشور و ئەمریکا
بەپێی راپۆرتەکەی میدیای فەرمی کۆریای باکوور، تاقیکردنەوەکان ئەم چەکانەیان لەخۆگرتبوو:
سیستەمێکی موشەکهاوێژی 240 ملمی پەرەپێدراو، کە مەوداکەی دەگاتە 90 کیلۆمەتر.
موشەکێکی بالیستیی تاکتیکی بە کڵاوەی "ئەرکی تایبەت" بۆ لێدانی ئامانجە ستراتیژییەکانی وەک فڕۆکەخانە، بەندەر و دامەزراوەکانی کارەبا.

تۆپهاوێژی 155 ملمی خۆبزوێن بە گولـلەی مەودا درێژ.
کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم تاقیکردنەوانە نیشانەی پێشکەوتنی هێزی ئاگرینی وڵاتەکەیەتی لەسەر سنورەکانی باشوور، کە ئامانجە ئەگەرییەکان بریتین لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کۆریای باشوور. یانگ مو جین، پسپۆڕی کاروباری کۆریا دەڵێت، ئەم چالاکییانە "نمایشی هێزە دژی ناوچەی پایتەختی کۆریای باشوور."
پیۆنگیانگ ئێستا کار بۆ بەدەستهێنانی توانای "وردبینیی رەها" لە بەرنامە چەکدارییەکانیدا دەکات. ئەم تاقیکردنەوانە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە کۆریای باکوور یەکەم کەشتیی تێکشکێنەری پێنج هەزار تۆنیی خۆی بە ناوی "چۆی هیۆن" خستە خزمەتەوە.
رێبەری کۆریای باکوور داوای فراوانکردنی توانای ئەتۆمی و سەربازیی وڵاتەکەی دەکات، ئەوەش دوای شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ساڵی 2019 لەگەڵ دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا. کیم جۆنگ ئون راشیگەیاندوە، تەنیا لە کاتێکدا دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ کە واشنتن واز لە داواکارییەکانی بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور بهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا.



