رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی رۆمانیا پڕۆژەیاسایەکی مێژوویی بۆ یەکگرتنی وڵاتەکەیان و مۆڵدۆڤا پەسند کرد؛ ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە مۆڵدۆڤا هەوڵ دەدات خۆی لە ژێر سێبەری رووسیا دەرباز بکات و بچێتە ناو یەکێتیی ئەورووپاوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، میدیاکانی رۆمانیا بڵاویان کردەوە کە ئەم دەسپێشخەرییە یاساییە لە رێگەی میکانیزمی "پەسندکردنی بێدەنگ" تێپەڕیوە. بەپێی رێساکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، هەر پڕۆژەیاسایەک لە ماوەی 45 رۆژدا گفتوگۆی لەسەر نەکرێت یان رەت نەکرێتەوە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک پەسندکراو هەژمار دەکرێت. ئێستا پڕۆژەکە رەوانەی ئەنجوومەنی پیران کراوە بۆ بڕیاری کۆتایی.
بیرۆکەی یەکگرتنی ئەم دوو نەتەوەیە پشتیوانییەکی سیاسیی ئاستبەرزی لە چیڕیناوی پایتەختی مۆڵدۆڤا هەیە. مایا ساندو، سەرۆککۆماری مۆڵدۆڤا، پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەگەر راپرسیی گشتی بکرێت، دەنگ بە یەکگرتن لەگەڵ رۆمانیا دەدات. ساندو گوتی: "بۆ وڵاتێکی بچووکی وەک مۆڵدۆڤا رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبێت وەک دەوڵەتێکی دیموکرات و خاوەن سەروەری بمێنێتەوە و بەرگەی رووسیا بگرێت."
ململانێ لەگەڵ مۆسکۆ و گوشارەکان
مۆڵدۆڤا لەوەتەی ساڵی 2022ـەوە داوای ئەندامێتیی یەکێتیی ئەورووپای کردووە. پەرلەمانی مۆڵدۆڤا لە نیسانی 2026دا هەموو ئەو رێککەوتنانەی هەڵوەشاندەوە کە پەیوەندییان بە "کۆمەڵەی دەوڵەتە سەربەخۆکان"ـەوە هەبوو، ئەوەش بەهۆی پێشێلکارییەکانی رووسیا بۆ سەر سەروەریی خاکەکەیان.
ئەم هەوڵانەی رۆمانیا و مۆڵدۆڤا تووڕەییی تووندی کرێملینی لێکەوتووەتەوە. مۆسکۆ لە رێگەی بڕیارێکی ڤلادیمیر پووتینەوە، پڕۆسەی پێدانی پاسپۆرتی رووسی بە دانیشتووانی ناوچەی ترانسنیستریا ئاسان کردووە. ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "دەستبەجێ و گونجاو"ی کردووە. مایا ساندو ئەمەی رەت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد مۆسکۆ ئەم بابەتە وەک کارتێکی گوشار دژی مۆڵدۆڤا بەکاردەهێنێت تاوەکو گەنجان بۆ جەنگی ئۆکراینا رابکێشێت.
ناوچەی ترانسنیستریا؛ قەڵای پێشەوەی رووسیا
ناوچەی ترانسنیستریا کە دەکەوێتە نێوان رووباری دنیێستەر و سنووری رۆژئاوای ئۆکراینا، لە ساڵی 1990ـەوە بە پشتیوانیی مۆسکۆ جیابوونەوەی لە مۆڵدۆڤا راگەیاندووە. رووسیا ئەم ناوچەیە وەک "قەڵایەکی پێشەوە"ی خۆی لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا دەبینێت و نزیکەی 1,500 سەربازی لەوێ جێگیر کردووە.
حکومەتی مۆڵدۆڤا بوونی هێزەکانی رووسیا بە نایاسایی دەبینێت و دەترسێت مۆسکۆ ترانسنیستریا بەکاربهێنێت بۆ داگیرکردنی تەواوەتیی وڵاتەکەیان. لەوەتەی دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا، گرژییەکان گەیشتوونەتە لووتکە؛ چونکە رووسیا لە رێگەی گوشاری ئابووری و کەمکردنەوەی هەناردەی گازەوە هەوڵ دەدات حکومەتی چیڕیناو ناچار بە پاشەکشە بکات. شارەزایان دەڵێن بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای یەکگرتن، چیدیکە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە وەک پێشوو نامێنێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
