رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ دەرکرد و رێگەی پێ دا پاراستنی یاسایی لە سەدان هەزار کۆچبەری هایتی و سووریایی بسەنێتەوە. ئەم بڕیارە کە بە زۆرینەی دەنگی دادوەرە پارێزگارەکان تێپەڕ بوو، رێگە بۆ دەرکردنی زیاتر لە 350,000 کەس خۆش دەکات کە بەهۆی جەنگ و کارەساتەوە پەنایان بۆ ئەمریکا هێنابوو.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە دادگای باڵا بە 6 دەنگی بەڵێ (پارێزگارەکان) بەرانبەر بە 3 دەنگی نەخێر (لیبڕاڵەکان)، بڕیاری دادوەرە فیدراڵییەکانی نیویۆرک و واشنتنی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر رێگرییان لە هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی کاتی (TPS) کردبوو.
دادوەر ساموێل ئەلیتۆ، کە دەقی بڕیارەکەی نووسیوە، جەختی کردەوە یاسای فیدراڵی رێگری لە دادگاکان دەکات پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکانی حکومەت بکەن لەبارەی لادانی ئەم جۆرە پاراستنانە. بەگوێرەی راپۆرتــێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)، بڕیارەکە رێگە بۆ دەرکردنی ئەگەریی 350,000 هاووڵاتیی هایتی و 6,100 هاووڵاتیی سووریایی خۆش دەکات.
رەگەزپەرستی و ناڕەزایەتیی دادوەرە لیبڕاڵەکان
لە بەرانبەردا، 3 دادوەرە لیبڕاڵەکە بە تووندی دژی بڕیارەکە وەستانەوە. دادوەر ئێلینا کەین ئاماژەی بەوە کرد کە بەڵگەی روون هەیە رەگەزپەرستی رۆڵی هەبووە لەم بڕیارەدا، بەتایبەت دوای لێدوانە سووکایەتیئامێزەکانی ترەمپ لەبارەی کۆچبەرانی هایتی.
ڤایڵز دۆرساینڤێڵ، یەکێک لەو کۆچبەرانەی هایتی کە لە ئۆهایۆ دەژی، دەڵێت: "هایتی سەلامەت نییە و هەمووان ئەوە دەزانن؛ ئەم بڕیارە ژیانی هەزاران خێزان دەخاتە نێو مەترسییەکی گەورەوە." پارێزەرانی کۆچبەرانیش دەڵێن ئێستا بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژیانی ئەم خەڵکە لە ئەستۆی کۆنگرێسە.
گوشارەکان لەسەر سنوور و کۆچی یاسایی
ئەم بڕیارە تەنیا هایتی و سووریا ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر 1.3 ملیۆن کۆچبەری 17 وڵاتی جیاواز دەبێت. هەر لەم رۆژەدا، دادگای باڵا بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی ترەمپ دەرکرد و رێگەی بە حکومەت دا ئەو پەنابەرانەی لە سنووری مەکسیکەوە دێن بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هاتوو ناوەندەکانی وەرگرتن یەکجار قەرەباڵغ بن. ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە رێڕەوی تووندی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی کۆچی یاسایی و نایاسایی لەو کاتەوەی گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی.
بەرنامەی پاراستنی کاتی (TPS) رێگە بەو کەسانە دەدات کە وڵاتەکانیان بەهۆی جەنگ، کارەساتی سروشتی یان تیرۆرەوە مەترسیدارن، لە ئەمریکا بژین و کار بکەن. واشنتن یەکەم جار لە ساڵی 2010دا بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەوە ئەم بڕیارەی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هایتی و لە 2012دا بۆ هاووڵاتییانی سووریایی دەرکرد.
ئیدارەی ترەمپ رژدە لەسەر کۆتاییهێنان بەم بەرنامانە، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێستا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی کە گەشت بۆ هایتی و سووریا نەکەن؛ چونکە ئەو دوو وڵاتە بەدەست تووندوتیژی، رفاندن و تیرۆرەوە دەناڵێنن و چیدیکە بوار بۆ مانەوەی ئەو کۆچبەرانە نەماوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
