رووداو دیجیتاڵ
سوێد کە سەردەمانێک بە کراوەیی سنوورەکانی بەرامبەر بە پەناخوازان لە ئەورووپا دەناسرایەوە، ئێستا نەک تەنیا سنوورەکانی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵکو حکومەتە راستڕۆکەی بڕی 350 هەزار کرۆنی سوێدی (نزیکەی 37 هەزار دۆلاری ئەمریکی) دەداتە هەر کۆچبەرێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەگەر بە ویستی خۆی وڵاتەکە جێبهێڵێت.
سوێد لە ساڵی 2015دا پێشوازیی لە 163 هەزار داواکاریی پەنابەری کردبوو کە دووەم زۆرترین بوو لەسەر ئاستی دانیشتووان لە ئەورووپادا، بەڵام ئەم ژمارەیە تاوەکو ساڵی 2025 بە رێژەی 96% دابەزیوە.
حکومەتی سوێد کە لە ساڵی 2022 بە بەڵێنی سنووردارکردنی کۆچبەری و رووبەڕووبوونەوەی تاوان دەسەڵاتی گرتە دەست، بودجەیەکی بە بەهای 1.3 ملیار کرۆنی سوێدی بۆ ئەم پلانە تەرخان کردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشدا، پارتی (دیموکراتەکانی سوێد)ـی راستڕۆی تووندڕۆ لەسەر پاسەکانی گواستنەوەی گشتی ریکلامی دژ بە کۆچبەرانی سۆماڵی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووی، "ئایا بیر لە مۆگادیشۆ دەکەیتەوە؟ هاوکاریی دارایی بۆ گەڕانەوە یارمەتیت دەدات بگەڕێیتەوە نیشتمان."
سەرەڕای ئەم ئۆفەرە داراییە، ئامارەکان دەری دەخەن تاوەکو ئێستا تەنیا 171 کەس لەمساڵدا ئامادە بوون ئەو پارەیە وەربگرن و وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
رێکارە تووندەکانی سوێد تەنیا لە پارەداندا نەوەستاونەتەوە؛ حکومەت پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی هەڵوەشاندووەتەوە و کۆچبەران ناچار دەکات سێ ساڵ جارێک داواکارییەکانیان نوێ بکەنەوە.
هەروەها لە مانگی ئابدا بۆ یەکەمین جار تاقیکردنەوەی زۆرەملێی زمانی سوێدی، مێژوو و کەلتووری وڵاتەکە بە 900 کۆچبەر کرا پێش ئەوەی رەگەزنامەیان پێ بدرێت.
لە سوێد کە ژمارەی دانیشتووانی 10.6 ملیۆن کەسە و نزیکەی دوو ملیۆنیان لە دەرەوە لەدایکبوون، ئەم ململانێیە چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی گشتیی 13ـی ئەیلوول گەیشتووەتە لووتکە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە راپرسییەکان کێبڕکێیەکی یەکجار نزیک لە نێوان هاوپەیمانیی راستڕۆ و سۆسیال دیموکراتەکانی چەپی نێوەڕاست نیشان دەدەن.

