رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا پێشوازی لەو "پێشکەوتنە بنیادنەرانە" دەکات کە لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدیهاتوون. ئاشکراشی کرد، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێیەک رێککەوتوون بۆ گەیشتن بە پەیماننامەی کۆتایی ئاشتی لەماوەی 60 رۆژدا.
رۆژی دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئاگاداری ئەو بەیاننامە هاوبەشەن کە لەلایەن قەتەر و پاکستانەوە (وەک نێوەندگیر) بڵاوکراوەتەوە. سویسرا کە رۆڵی "رێخۆشکەر"ی لەم پڕۆسەیەدا هەیە، جەختی کردەوە کە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بە درێژایی شەوی رابردوو لە بورگێنشتاک بە چڕوپڕی بەردەوام بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی (لیژنەیەکی ئاستبەرز) رێککەوتوون کە ئەرکی رێکخستنی قۆناخی داهاتووی پڕۆسە سیاسی و تەکنیکییەکان دەبێت.
سویسرا دەڵێت: "ئەم نەخشەڕێیە زەوینە بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆ تەکنیکییەکان دەڕەخسێنێت." هەروەها جەختی کردەوە بێرن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری.
ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییەی سویسرا لە کاتێکدایە، ناوچەکە تەنیا چەند هەفتەیەکە لە جەنگێکی وێرانکەر دەرچووە کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. جەنگەکە کە 110 رۆژی خایاند، بووە هۆی پەککەوتنی جووڵەی وزە لە تەنگەی هورمز.
دوای ئاگربەستی 8ـی نیسان کە بە نێوەندگیریی پاکستان هاتە ئاراوە، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد"یان واژۆ کرد.
ئەم یاداشتنامە 14 خاڵییە، چوارچێوەیەکی 60 رۆژەی دیاریکردووە بۆ یەکلاکردنەوەی سێ دۆسیەی سەرەکی:
دۆسیەی ئەتۆمی: سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گەڕانەوەی پشکنەرانی نێودەوڵەتی.
سەقامگیریی ناوچەیی: چەسپاندنی ئاگربەست لە هەموو بەرەکان، بەتایبەتی لە لوبنان کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە رێککەوتنەکە کەوتبووە مەترسییەوە.
دارایی و سزاکان: ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران و دەرکردنی مۆڵەتی هەناردەی نەوت.
ئەم گفتوگۆیانە لە سویسرا بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن. واشنتن لەرێگەی پێشکەشکردنی ئاسانکاریی ئابووری و مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت، هەوڵ دەدات تاران قایل بکات بە سازشی زیاتر لە دۆسیە ئەتۆمییەکەیدا.


