رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوسترالیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، گەورەترین گرێبەستی بەرگری لە مێژووی وڵاتەکەیدا لەگەڵ کەنەدا واژۆ کردووە.
گرێبەستەکە تایبەتە بە دابینکردنی تەکنەلۆژیای راداری سەرووی ئاسۆ (Over the Horizon Radar) بۆ کەنەدا بە بەهای نزیکەی 1.75 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
کڕینی ئەم سیستمە رادارە پێشکەوتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەنەدا لە ناوچەی جەمسەری باکوور فراوانتر دەکات؛ ئەمەش وەک هەوڵێک لەلایەن ئۆتاواوە بۆ چەسپاندنی سەروەریی وڵاتەکەی بەسەر ئەو ناوچە سنوورییەدا کە لەسەر ئاستی جیهانی کێبڕکێیەکی تووندی لەسەرە.
ریچارد مارلس، وەزیری بەرگریی ئوسترالیا لە کانبێرای پایتەخت بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئەمە بە جیاوازییەکی زۆر، گەورەترین گرێبەستی هەناردەی کەلوپەلی بەرگرییە کە تاوەکو ئێستا ئەنجاممان دابێت."
وەزیری بەرگریی ئوستراڵیا گوتیشی: "رێک وەک ئوسترالیا، کەنەداش خاوەنی رووبەرێکی فراوانە کە پێویستی بە چاودێریکردنە، بۆیە کەنەدا ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ چاودێریکردنی جەمسەری باکوور بەکاردەهێنێت."
لەلایەکی دیکەوە، ستیڤن فوور، سکرتێری دەوڵەتی کەنەدا بۆ کڕینی کەلوپەلی بەرگری، تیشکی خستە سەر گرنگیی رادارەکە و رایگەیاند: "ئەم توانایە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی هۆشیاریی کەنەدا لە ناوچەی جەمسەر بەرز دەکاتەوە؛ دەتوانین هەڕەشە ئاسمانی و دەریاییەکان لە مەودایەکی زۆر دوورترەوە دەستنیشان بکەین و چاودێرییان بکەین."
فوور ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی فەرماندەیی بەرگریی کایەی ئاسمانیی ئەمریکای باکوور لە رێگەی دابینکردنی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەهێزکردنی سەروەریی کەنەدا لە جەمسەری باکوور.
سیستمە رادارییە ئوستراڵییەکە لە زنجیرەیەک کۆڵەکەی زەبەلاح پێکدێت کە درێژییەکەیان دەگاتە نزیکەی 1.6 کیلۆمەتر (یەک میل). بەرپرسانی ئوسترالیا ئاماژەیان بەوە کردووە ئەم سیستمە رووبەرێکی کەمتر داگیر دەکات بەراورد بەو سیستمە هاوشێوەیانەی کە ئەمریکا بەکاریان دەهێنێت.



