رووداو دیجیتاڵ
چین چیپی زیرەک دەخاتە نێو مێشکی مرۆڤەوە کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی توانای جووڵەیە بۆ نەخۆشانی مێشک و دەمار کە بوونەتە هۆکاری سەرەکیی کەمئەندامی و مردنی پێشوەختە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەلزایمەر و جەڵتەی مێشک تاوەکو خەمۆکی و ئیفلیجی، ملیۆنان کەسی بێ چارەسەر هێشتووەتەوە.
لی یوان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای NeuCyber NeuroTech بە رووداوی راگەیاند: "تێکچوونی دەمارەکان بارگرانییەکی گەورەیە، ئەم ساڵ تاقیکردنەوەکان تەواو دەکەین و ساڵی داهاتوو پەسند دەکرێن"
خەمۆکی زیاتر لە 350 ملیۆن کەسی لە جیهاندا گیرۆدە کردووە، توێژەرانی چینی لەرێی تەکنەلۆژیای (BMI) و چاندنی چیپی ورد، شەپۆلەکانی مێشک راستەوخۆ دەگەیێننە ئامێرەکان، تاوەکو مێشک فەرمانی جووڵەیان پێبدات.
ژاو مینگ وای، بەڕێوەبەری کۆمپانیای GenAns Biotech، سەبارەت بە چۆنێتیی کارکردنی چیپەکە دەڵێت: "جیاوازە لە چیپی مۆبایل و ئۆتۆمبێل، کارەکەی وەرگێڕانی سیگناڵی مێشکە بۆ زمانێک کە کۆمپیوتەر تێیبگات، ئەمەش تەنیا ئەم چیپە دەتوانێت بیکات."
چیپەکە قۆناخی تاقیگەی بڕیوە و گەیشتووەتە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان. توێژەر ئوی چێنیو دەڵێت: "ئامێرەکانمان لەسەر 60 نەخۆش تاقیکراونەتەوە و ئەنجامی تاقیکردنەوە شاراوەکان سەرکەوتوو بوون، نەخۆشەکان توانایەکی باشی چاکبوونەوەیان نیشانداوە."
پێشبینیی دەکرێت تێچووی چاندنی هەر چیپێک بە کەمتر لە 500 هەزار دۆلار بێت. لەکاتێکدا ئەم تەکنەلۆژیایە هێشتا لە تاقیکردنەوەدایە، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەکرێ بەمزووانە لە تاقیگەکانەوە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان.


