رووداو دیجیتاڵ
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئێستا لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە بۆ ژیانی سیاسیی خۆی؛ دەبێ یان دەستلەکاربکێشێتەوە، یان رووبەڕووی ململانێیەکی تووند ببێتەوە لەگەڵ ئاندی بێرنهام، ركابەرە بەهێزەکەی لەنێو پارتی کرێکاران.
هەرچەندە ستامەر بە ئاشکرا بەڵێنیداوە لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، بەڵام گوشارەکان لەسەری بەردەوامن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوکارەکانی لەنێو پارتی کرێکاران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی سەردەمی ئەو کۆتایی هاتووە.
پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە ستامەر رۆژی دووشەممە 22-06-2026 خشتەی کاتیی دەستلەکارکێشانەوەکەی رابگەیێنێت؛ ئەوەش رێک ئەو رۆژەیە کە ئاندی بێرنهام وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران سوێندی یاسایی دەخوات، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە هەڵبژاردنێکی تایبەتدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
پیتەر کایل، وەزیری بازرگانیی بەریتانیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ستارمەر "کات تەرخان دەکات بۆ بیرکردنەوە لە راستییە سیاسییەکان، ئاڵنگارییەکان و ئەو دەرفەتانەی لەبەردەمیدان." کایل گوتیشی: "دەزانم ئەو سەرۆکوەزیرانێکە هەمیشە وڵاتەکەی دەخاتە پێش هەموو شتێک، بەڵام ئەو هەواڵانەی کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن، تەنیا ئەگەرن."
پەیامی ستامەر لە (چێکەرز) و دەستێوەردانەکەی ترەمپ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆتایی هەفتەی لەگەڵ خێزانەکەی لە کۆشکی چێکەرز (هاوینەهەواری فەرمیی سەرۆکوەزیران) بەسەربرد. ستامەر هیچ ئاماژەیەکی ئاشکرای بە بڕیارەکەی نەدا، بەڵکو تەنیا پەیامێکی بەبۆنەی "رۆژی باوک" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و نووسی: "باوکایەتی گەورەترین خۆشیی منە. ئەمڕۆ بیر لە باوکم دەکەمەوە، ئەو باوکەی کە من بۆ منداڵەکانم هەم، بەهۆی ئەوەوەیە."
پێش ئەوەی هیچ بڕیارێکی فەرمی بدرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاتە نێو هێڵەکەوە و ئەگەری رۆیشتنی ستامەری بەستەوە بە دوو پرسی سەرەکی: "کۆچبەری و وزە".
ترەمپ لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "کییەر ستامەر، وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەست لەکار بکێشەوە. ئەو لە دوو بابەتی زۆر گرنگدا شکستی گەورەی هێنا؛ کۆچبەری و وزە (نەوتی دەریای باکوور بکەرەوە!). هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم!"
پەیوەندیی نێوان ستامەر و ترەمپ کە لە سەرەتادا گەرموگوڕ بوو، لە مانگەکانی دواییدا بەهۆی چەند پرسێکەوە تێکچوو، لەنێویاندا جەنگی ئێران کە بەریتانیا ئامادە نەبوو تێیدا بەشدار بێت.
شەشەم سەرۆکوەزیران لە ماوەی 10 ساڵدا
ئەگەر ستامەر دەست لەکار بکێشێتەوە، دەبێتە شەشەم سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پۆستەکەی جێدەهێڵێت؛ ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی و نائاساییە بۆ وڵاتێکی وەک بەریتانیا.
ناڕەزایەتییەکان لە دژی ستامەر چەندین مانگە بەردەوامن و پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران نائومێدن لە دابەزینی جەماوەریی حکومەتەکەیان، ئەوەش دوای تەنیا دوو ساڵ لەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە ستامەر لە تەممووزی 2024دا بۆ پارتی کرێکاران بەدەستیهێنا.
ستامەر نەیتوانیوە بەڵێنەکانی بۆ گەشەی ئابووری، چاککردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی ژیان جێبەجێ بکات. هەروەها زنجیرەیەک هەڵەی سیاسی پێگەکەیان لاواز کردووە، لەوانەش بڕیاری دامەزراندنی پیتەر ماندێڵسن کە دۆستێکی نزیکی جێفری ئێپستین بوو وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتن.
ئێستا پارتی کرێکاران، دەنگدەرە لیبڕاڵەکانی بۆ پارتی سەوز لەدەست دەدا و لە لایەکی دیکەشەوە رووبەڕووی پارتی چاکسازی بەریتانیا (Reform UK)ی نایجل فاراج بووەتەوە، کە پارتێکی دژە کۆچبەرە و لە راپرسییەکاندا لە پێشەنگدایە.
سەرهەڵدانی ئاندی بێرنهام
ئاندی بێرنهام، کە تاوەکو ئەم هەفتەیە سەرۆک شارەوانیی مانچستەری گەورە بوو، رۆژی پێنجشەممە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کورسیی ناوچەی (مەیکەرفیڵد)ی لە باکووری رۆژئاوای ئینگلتەرا بردەوە. بێرنهام 55%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بە جیاوازیی 9 هەزار دەنگ لە پارتی (Reform UK)ی بردەوە.
ئێستا بێرنهام بووەتە ئەندامی پەرلەمان و لە پێگەیەکدایە کە دەتوانێت بەرەنگاری ستارمەر ببێتەوە بۆ سەرکردایەتیی پارتی کرێکاران.
بێرنهام لە گوتاری سەرکەوتنیدا بە روونی ئاماژەی بەوە کرد، دەیەوێت سەرکردایەتیی پارتەکە و وڵات بکات و گوتی: "هەمووان دەزانن کە سیاسەت کار ناکات؛ هەمووان هەست دەکەن کە وڵات لەو شوێنە نییە کە دەبێت لێی بێت. ئەمشەو دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان."
هێشتا روون نییە ئایا بێرنهام رووبەڕووی رکابەری دەبێتەوە یان نا؛ وێس سترێتینگ، کە مانگی رابردوو لە پۆستی وەزیری تەندروستی دەستی لەکارکێشایەوە، رایگەیاندووە کە ئەگەر کێبڕکێی سەرکردایەتی هەبێت، ئەویش کاندید دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ستارمەر رۆژی هەینی پیرۆزبایی لە بێرنهام کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەرگری لە پۆستەکەی دەکات و گوتی: "من کاندید دەبمەوە و دەوەستمەوە؛ چەندین جار گوتوومە کە دەستبەرداری ئەو پۆستە نابم."
بەڵام چارڵی فالکۆنەر، ئەندامی باڵای پارتی کرێکاران لە ئەنجوومەنی لۆردان، رۆژی شەممە رایگەیاند ستارمەر "هیچ دەسەڵاتێکی" بۆ نەماوەتەوە و گوتی: "پێویستە پرۆسەیەکی رێککەوتووی گواستنەوەی دەسەڵات هەبێت، کە تێیدا ئاندی و ستامەر هاوکاریی یەکدی بکەن بۆ دیاریکردنی کاتی رادەستکردنی پۆستەکە."



