رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی دانوستاندنــکاری ئێران لە سویسرا، هەڕەشەکانی ئەمریکا رەت دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، "تاران هیچ حسابێک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا ناکات."
محەمەد باقر قالیباف، لەبارەی دۆخی ئێستای واشنتنەوە گوتی: "ئایا لە خۆیان ناپرسن ئەگەر هەڕەشەکانیان ئەنجامێکی هەبووایە، ئێستا نەدەگەیشتنە ئەم دۆخە بێئومێدییە؟ ئێمە هیچ حسابێک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا ناکەین."
سەرۆکی شاندی ئێران هۆشداریی دا بە بەرپرسانی ئەمریکا کە ئاگاداری لێدوانەکانیان بن و گوتی: "هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بە شێوازێکی دیکە وەڵامیان بدەنەوە. ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بەڵام ئەوە ئێمەین کە لە مەیداندا بە کردەوە وەڵام دەدەینەوە."
ئەو لێدوانەی قالیباف لەکاتێکدا بوو کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و لەکاتی پشوویەکی کورتدا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد.
هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاستی باڵا لە سویسران بۆ ئەوەی دانوستاندن بکەن، بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر بگەنە رێککەوتنێک.
رۆژی یەکشەممە، 21-06-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران و رایگەیاند، ئەگەر تەنگەی هورمز دابخەن، وڵاتەکەیان بە تەواوی لەناودەبرێت و دانوستاندنکارەکانیشیان ناتوانن بگەڕێنەوە ئێران. ترەمپ گوتی، ئەمریکا ئامادەیە کۆنترۆڵی تەنگەکە بکات و وەک "فریشتەی پاراستن"ـی ناوچەکە، 20%ـی تەواوی ئەو نەوتە ببات کە بەوێدا تێپەڕ دەبێت.
ترەمپ بە فۆکس نیوزی گوت، دوێنێ شەو راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەی کردووە و بە تووندی هۆشداریی پێداون: "ئەگەر تەنگەی هورمز دابخەن، چیدیکە وڵاتێکتان نابێت." سەرۆکی ئەمریکا پێشی گوتوون: "ئێوە تەنانەت ناتوانن بۆ وڵاتە قۆڕەکەتان بگەڕێنەوە."
ترەمپ گوتی، ئەگەر ناچار بن کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەن و بە تەواوی تێکیاندەشکێنن. "ئەگەر تاران نەگاتە رێککەوتن، ئەمریکا باج و سەرانەی تێپەڕبوون دەسەپێنێت و وەک فریشتەی پاراستنـی تەنگەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، 20%ـی تەواوی ئەو نەوتە دەبەن کە بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبێت."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت. ترەمپ لە وەڵامێکی توونددا بۆ پزیشکیان گوتی: "باشترە ئاگاداری قسەکانی بێت و بە خۆیدا بچێتەوە، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەیدا دەگرین."

