رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و تیمێکی باڵای دانوستاندنکاری واشنتن لە هاوینەهەواری بورگێنشتاک لە سویسرا، لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە؛ ئەمە یەکەمین گەڕی دانوستاندنی راستەوخۆی هەردوولایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەم کۆبوونەوەیە کە بە لووتکەی دەریاچەی لوسێرن دەناسرێت، یەکەمین دیداری راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێرانە لە دوای لووتکەی ئیسلامئاباد لە نیسانی رابردووەوە. بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا مۆڵەتی 60 رۆژ بۆ دانوستاندنی ئەتۆمی دیاری بکرێت، بە ئامانجی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
دانوستاندنەکانی رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە ئێران رۆژی شەممە رایگەیاندبوو تەنگەی هورمز دادەخات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە ئاگربەستی لوبنان."
ڤانس: دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بورگێنشتاک بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لە چەند کاژێری رابردوودا پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە و پێشبینی دەکەم لە کاژێرەکانی داهاتوودا پێشکەوتنی زیاتریش ببینین."
ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا تەنیا هەوڵ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز یان کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بگۆڕێت.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا دەتوانین لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە؟ ئایا دەتوانین پەیوەندییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەمیشە بگۆڕین، یان دەگەڕێینەوە بۆ شێوازە کۆنەکە؟"
بەشداربووان و نێوەندگیرەکان
جەی دی ڤانس و نێردەکانی کۆشکی سپی (ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر)، بەیانیی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان و قەتەر و گەورە جەنەراڵێکی پاکستانی کە نێوەندگیریی گفتوگۆکان دەکەن، کۆبوونەوە. دواتر شاندەکەی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەیان لەگەڵ نێوەندگیرەکان ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس)، دواتر شاندەکانی ئەمریکا و ئێران کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵییان لەگەڵ لایەنی قەتەری ئەنجامداوە. جەی دی ڤانس ئەم کۆبوونەوەیەی بە "مێژوویی" وەسف کرد، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە عەباس عێراقچی هەرچەندە لە ژوورەکەدا ئامادە بووە، بەڵام ئامادە نەبووە لەگەڵ ڤانس وێنەی یادگاری بگرێت یان پێکەوە لێدوان بۆ میدیا بدەن.
ئەجێندای گفتوگۆکان و دەستکەوتەکان
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتین لە: ئاگربەستی لوبنان، ئەو مۆڵەتانەی ئەمریکا بەڵێنی داوە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەریانبکات و پرسی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، ئەمریکا دەیەوێت ئەم گەڕەی گفتوگۆکان بەوە کۆتایی بێت کە ئێران بانگهێشتی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ سەردانی وێستگە ئەتۆمییەکانی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرابوون. (دوایین سەردانی لەو شێوەیە لە حوزەیرانی 2025دا بووە).
لە بەرامبەردا، واشنتن ئامادەیە رێگە بە ئێران بدات دەستی بە بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی بگات، کە بە بڕی 6 ملیار دۆلار لە هەژمارێکی بانکیدا لە قەتەر دەستپێدەکات، تاوەکو تاران بۆ کڕینی کاڵا مرۆییەکان بەکاریبهێنێت.
کێشەی لوبنان
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، هەرچەندە رۆژی شەممە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رایانگەیاند، پابەندی ئاگربەست دەبن، بەڵام ئەزموونی رۆژانی رابردوو نیشانی داوە کە ئاگربەستەکان زۆر بە زوویی دەشکێن. جەی دی ڤانس دانی بەوەدا نا کە دۆخی لوبنان دەکرێت ببێتە هۆی پەکخستنی دانوستاندنەکان، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرپەرشتیی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
ڤانس گوتی: "سەرەڕای هەواڵەکان، لە راستیدا دۆخەکە لەوێ بەرەو باشتربوون دەچێت؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە بەڕێوەبردنی دۆخەکە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئیسرائیل و لوبنان هەردووکیان پارێزراو و ئارام بن."


