رووداو دیجیتاڵ بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکراینا رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان سێ کەس کوژران. هاوکات وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت، شەوی رابردوو 239 درۆنی ئۆکراینییان تێکشکاندووە. رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، ئۆلێکساندەر گانزا، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکی ئۆکراینا رایگەیاند، بەهۆی تۆپباران و هێرشی درۆنیی رووسیاوە بۆ سەر سێ ناوچەی هەرێمەکە، کەسێک کوژراوە و نۆی دیکەش برینداربوون. هاوکات لە هەرێمی پۆڵتاڤا، ڤیتالی دیاکیڤنیتشن، بەرپرسی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرشەکانی شەوی شەممەدا کەسێک کوژرا و 13ی دیکەش برینداربوون؛ دواتر یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە ماوەی شەوێکدا 239 درۆنی ئۆکراینییان لە ئاسمانی ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای رووسیا و بەسەر ئاوەکانی دەریای ئازۆف و دەریای رەشدا خستووەتە خوارەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی مۆسکۆ، درۆنەکان لە ئاسمانی چەندین ناوچە لەوانە ئاستراخان، بێلگۆرۆد، کورسک، و کریمیا تێکشکێنراون. رۆژی شەممە رووسیا رایگەیاندبوو کە لە ماوەی 24 کاژێردا، 740 درۆنی ئۆکراینی و دوو مووشەکی جۆری هیمارسـیان تێکشکاندووە.