رووداو دیجیتاڵ
مارک وۆرنەر، سیناتۆری دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێ، جەنگەکەی ئیدارەی ترەمپ دژی تاران هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە و تەنیا دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئاڵۆزتر کردووە.
وۆرنەر ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای جەنگەکە هێشتا "رژێمەکەی تاران وەک خۆی ماوە و تەنانەت کۆنترۆڵێکی ناڕاستەوخۆیشی بەسەر تەنگەی گرنگی هورمزدا پەیدا کردووە."
رۆژی سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، مارک وۆرنەر بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئەو [ترەمپ] جەنگێکی بێ هیچ پلانێک دەستپێکرد؛ جەنگێک بوو کە بە ویستی خۆی هەڵیبژارد. ئێران هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ [بۆ سەر ئەمریکا] نەبوو."
سیناتۆرە دیموکراتەکە لە بەردەوامیی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا، دوای زیاتر لە 80 رۆژ بۆمان دەردەکەوێ، رژێمێکی خراپ لەوێ ماوە و هیچ پلانێک نییە بۆ رزگاربوون لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە. ئەوان هێشتا خاوەنی توانای مووشەکین."
وۆرنەر نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی ئاسایشی دەریایی دەربڕی و گوتی: "هەروەها وا دیارە ئێستا کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆیان بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە. ئەمە باشتر نییە."
سیناتۆرەکە بەراوردی دۆخی ئێستای لەگەڵ رابردوودا کرد و گوتی: "سەرکردایەتیی پێشووی ئێران بەرامبەر خەڵکەکەی خراپ بوو و تێکدەر بوو، بەڵام ئەمە [ئەم جەنگە] دۆخەکەی بەرەو پێشەوە نەبردووە."
رووداو: بۆچی دژی سیاسەتی سەرۆکی بۆ ئێران؟
مارک وۆرنەر، سیناتۆری دیموکرات: چونکە ئەو جەنگێکی بێ هیچ پلانێک دەستپێکرد؛ جەنگێک بوو کە بە ویستی خۆی هەڵیبژارد. ئێران هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێی [بۆ سەر ئەمریکا] نەبوو. ئێستا، دوای زیاتر لە 80 رۆژ بۆمان دەردەکەوێ، هێشتا رژێمێکی خراپ لەوێ ماوە، هیچ پلانێک نییە بۆ رزگاربوون لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە. ئەوان هێشتا خاوەنی توانای مووشەکین، هەروەها وا دیارە ئێستا کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆیان بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە. ئەمە باشتر نییە، سەرکردایەتیی پێشووی ئێران بەرامبەر خەڵکەکەی خراپ بوو و تێکدەر بوو، بەڵام ئەمە [ئەم جەنگە] دۆخەکەی بەرەو پێشەوە نەبردووە.