رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ئەمڕۆ رایگەیاند، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکەی وەک "ناوچەیەکی نهێنی" پۆلێن کردووە، بەمەش ئەو شوێنە بەسەر رۆژنامەڤاناندا دادەخرێت، کە پێشتر رێگەیان پێدەدرا بچنە ژوورەوە. جۆیل ڤاڵدێز، گوتەبێژی پێنتاگۆن بە وەکالەت، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "نووسینگەی راگەیاندنی پێنتاگۆن وەک دامەزراوەیەکی زانیاریی هەستیار پۆلێن کراوەتەوە"، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی نووسەری گوتارەکان کە بە شێوەیەکی رۆتینی مامەڵە لەگەڵ بابەتی نهێنیدا دەکەن لەم شوێنەدا. ڤاڵدێز گوتیشی: "لە ئەنجامدا، چیدی رێگە بە رۆژنامەڤانان نادرێت بچنە ناو نووسینگەکە". پێنتاگۆن، لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی رابردووەوە، دەستی بە سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر رۆژنامەڤاناندا کردووە. پێشتر، هەشت دەزگای راگەیاندن، لەوانە رۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست و تۆڕەکانی سی ئێن ئێن و ئێن بی سی، ناچارکران نووسینگەکانیان لە پێنتاگۆن چۆڵ بکەن بە بیانووی دابینکردنی شوێن بۆ دەزگاکانی دیکەی راگەیاندن، کە زۆربەیان ئاراستەی پارێزگارانەیان هەیە. دواتر، پێنتاگۆن مەرجی ئەوەی بۆ رۆژنامەڤانەکان دانا کە سیاسەتێکی نوێی راگەیاندنی سنووردارکەر واژۆ بکەن بۆ پاراستنی مافی چوونەژوورەوەیان بۆ باڵەخانەکە. ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی ئەمریکی و نێودەوڵەتی، وەک فرانس پرێس و رۆیتەرز، رەتیانکردەوە پابەندی ئەو سیاسەتە بن، ئەمەش بووە هۆی کشانەوەی متمانەیان لە پێنتاگۆن. سەرەڕای ئەوەی دادگایەکی ئەمریکی لە سکاڵایەکدا کە لەلایەن رۆژنامەی تایمزەوە پێشکەشکرا، بڕیاری دا هەندێک لە بڕگەکانی ئەو سیاسەتە پێشێلکاریی دەستووری ئەمریکایە، بەڵام پێنتاگۆن بە سەپاندنی رێوشوێنی تووندتر وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، پێویستە هەموو رۆژنامەڤانێک کە دێتە ناو باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری، یاوەری ئەمنیی لەگەڵدا بێت.