رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا پڕۆژەیەکی باڵکێش بۆ دەستخستنی کتێبی کوردی هەیە. پڕۆژەیەکە، کە وادەکات ئاسانتر کتێبی کوردی دەست ئەوانە بکەوێت کە گرنگ نییە وەڵاتینامەیان هەیە یان مافی مانەوە یانیش هیچیەک لەوانەیان نییە. گرنگ ئەوەیە حەز بۆ خوێندنەوە هەبێت.
قەیسۆ جان، خاوەنی بیرۆکەی ماک پەرتووک لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، شەش کەس ماک پەرتووک بەڕێوەدەبەن، دوویان لە ئەڵمانیا دەژین و چواریشیان لە کوردستان.
قەیسۆ جان گوتی، "بە سەدان پەرتووکی کوردی لەنێو ماک پەرتووک دانراون، هەم بۆ خوێندنەوە و هەمیش بۆ فرۆشتن". گوتیشی، " ئامانجمان گەیاندنی پەرتووکی کوردییە بە کوردی دیاسپۆرا".
سەبارەت بەو پەرتووکانەی زۆرترین خوێنەر یان کڕیاریان هەیە لە ماک پەرتووک، قەیسۆ جان دەڵێت، "پەرتووکەکانی فێربوونی زمانی کوردی پڕخوێنەرترین پەرتووکن لە ماک پەرتووک، دوای ئەوانیش پەرتووکی شێوەزاری سۆرانی و پاشان پەرتووکە ئەدەبییەکان".


