رووداو- نیویۆرک
جێگری گوتەبێژی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوا لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکات "هێزی زیاد لەپێویست" دژی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەکارنەهێنن.
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە 27-10-2022 وەڵامی چەند پرسیارێکی مەجید گلی، ئیدیتۆری دیپلۆماسیی تۆڕی میدیایی رووداوی لە نیویۆرک دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چی دەڵێن لەبارەی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییانی ئەمڕۆی خۆپێشاندانەکانی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان؟ فەرهان حەق گوتی: "ئێمە لەو راپۆرتانە نیگەرانین کە باس لە بەکارهێنانی بەردەوامی هێزی زیاد لە پێویست دەکەن. داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە هێزی زیاد لە پێویست بەکارنەهێنن بۆئەوەی قوربانی زیاتر نەبێت".
مەجید گلی پرسیاری لە فەرهان حەق کرد کە بۆچی سکرتێری گشتی هێرشەکەی شیراز سەرکۆنە دەکات، بەڵام جێگری گوتەبێژ ئامادە نییە سەرکۆنەی کوشتنی خەڵکی سڤیل بکات؟ لە وەڵامدا فەرهان حەق گوتی: "ئێمە سەرکۆنەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین کە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل. کاتێک خەڵکی سڤیل ئاشتییانە خۆپێشاندان دەکەن، نابێت ئەوە رووبدات. هەر کوژرانێکی خۆپێشاندەران پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت".
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی مەجید گلی و فەرهان حەق:
مەجید گلی: هەڵوێستی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان چییە لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆی مهاباد لە کوردستان لە ئێران؟
فەرهان حەق: ئێمە لەو راپۆرتانە نیگەرانین کە باس لە بەکارهێنانی بەردەوامی هێزی زیاد لە پێویست دەکەن. داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە هێزی زیاد لە پێویست بەکارنەهێنن بۆئەوەی قوربانی زیاتر نەبێت.
مەجید گلی: بەڵام پرسیارەکەم لەسەر کوژرانی خۆپیشاندەران بوو؛ تۆ باسی مافی خۆپێشاندان دەکەیت. جێگەی سەرنجە کە سکرتێری گشتی راگەیێندراوێکی لەسەر هێرشە تیرۆریستیەکەی شیراز بڵاوکردەوە و دەڵێت زۆر بە تووندی سەرکۆنەی دەکەم، بەڵام کاتێک من لەبارەی کوژرانی خۆپیشاندەران لێت دەپرسم، هیچ سەرکۆنەکردنێکت لێ نابیستم.
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان: ئینجا با روون بم. ئێمە سەرکۆنەی هەر تووندوتیژیەک دەکەین کە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل. کاتێک خەڵکی سڤیل ئاشتیانە خۆپیشاندان دەکەن، نابێت ئەوە رووبدات. هەر کوژرانێکی خۆپیشاندەران پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت.
مەجید گلی: باشە کێ لەسەر ئەو کوشتنە سەرکۆنە دەکەیت؟
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان: هەرکەس ئەنجامی دابێت. وەک گوتم، ئێمە نیگەرانین لە بەکارهێنانی هێزی زیاد دژی خۆپیشاندەران. پێویستە لێکۆڵینەوەی وردی لەو بارەوە ئەنجام بدرێت.
مەجید گلی: بەڵام لێکۆڵەرەوەی تایبەتی خۆتان پێش 20 خولەک لەسەر ئەو کورسیە دانیشتبوو و رایگەیاند کە حکومەتی ئێران بەرپرسیارە لە کوژرانی ئەو خۆپیشاندەرانە. کەواتە بۆچی ناوی ئێران و حکومەتەکەی ناهێنن؟
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان: لێکۆڵەرەوەی تایبەت بە پێی دەسەڵاتی خۆی قسەدەکات و مافی خۆیەتی ئەوە بکات. منیش هەڵوێستی خۆمانم راگەیاند.
.jpg&w=3840&q=75)

