رووداو دیجیتاڵ
چێشتخانەیەک لە شاری ینساکولای ویلایەتی فلۆریدا بەهۆی دیکۆرە نامۆ و سەرنجڕاکێشەکەی سەرنجی خەڵكی بەلای خۆیدا راکێشاوە و ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردووە. دەگوترێت خەڵکانێکی زۆر بۆ ئەوەی نزیکەی 2 ملیۆن دۆلار لە نزیکەوە ببینن دەچنە خواردنگەکەوە.
چێشتخانەکە کە ناوی 'ماکگوایەری ئەیرلەندی'یە سەقف و دیوارەکانی بە دۆلار رووپۆشکراون کە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەبێت و بەمەش دیکۆرێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بۆ چێشتخانەکە دروستبووە.
مێژووی دیکۆری چێشتخانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1977 دوای ئەوەی دوو هاوسەر بە ناوی مارتین و مولی ماکگوایەر چێشتخانەیەکی بچووک دەکەنەوە، ژنەکە کاری خزمەتکردنی کڕیاران بووە لەوکاتەدا بڕی 100 دۆلاری ئەمریکی وەک رێزلێنان وەرگرتووە.
دوو هاوژینەکە بڕیار دەدەن ئەو بڕە پارەیە کە وەک بەخشیش وەریانگرتووە لای خۆیان وەک یادگارییەک هەڵیگرن و بیپارێزن. بۆ ئەم مەبەستەش ئیمزای خۆیان لەسەر پارەکە دەکەن و بە داوێک لە سەقفی چێشتاخەنەکەیان هەڵیدەواسن.

دواتر ئەم کارە وەک خولیایكی لێدەێت لای دوو هاوژینەکە و بڕیار دەدەن بۆ هەر بەخشیشێک کە وەریدەگرن هەمان کار دووبارەبکەنەوە.
مارتن ساڵی 1999 لە چاوپێکەوتنێکدا بڕی ئەو پارەیەی کە لە چێشتاخەکەیاندا هەڵیانواسیوە بە 175 هەزار دۆلار خەمڵاند، بەڵام بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان ئیستا نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار وەک دیکۆر لە چێشتخانەکەدا هەڵواسراوە، هەروەها مارتن سەبارەت بەو پارانە گوتی کە دەتوانێت ئەو پارانە وەک پشتگیری بۆ وەگرتنی قەرز بەکاربهێنێت.
بێگومان ئەو بڕە زۆرەی پارە وا لە هەندێک کڕیاران دەکات حەز بە دزینی بکەن بەپێی ئەوەی لەبەر دەست و چاویاندا هەڵواسرەوەو رەنگە بیربکەن دزینی کارێکی ئاسان بێت. کە ئەمەش بەراستی روویدا دوای ئەوەی کارمەندێکی چێشتخانەکە پێنج هەزاری دۆلاری دزی و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
ئەوەی دزینی ئەو پارەیە قورس دەکات ئەوەیە کە دوو هاوسەرەکە ئیمزا و نیشانەیەکی رەشی تایبەت بەخۆیان لەسەر پارەکە دەکەن، بەمەش خاوەنی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان لەو شارە دەیناسنەوە و وەریناگرن، تەنانەت پۆلیسیش ئاگاداردەکەنەوە کە ئەو پارەیە لە چێشتخانەکە دزراوە.



