رووداو - مۆسکۆ
لە کۆتاییەکانی مانگی سێی ئەمساڵەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەرجەم هۆڵەکانی وەرزشکردن لە رووسیا داخراون، کە ژمارەیان زیاترە لە 30 هەزار هۆڵ، ئێستا سەر شەقام و پارکەکان و کەنار رووبارەکان بوونەتە جێگرەوەی هۆڵەکانی وەرزشکردن.
وەرزشڤانێک دەڵێ "گرنگ نییە هۆڵەکانی وەرزش داخراون ،گرنگ نیە ئەو کێشەیە هەموو جیهانی گرتووەتەوە ،ئێمە بەهێزین دەتوانێن هەموو کارێک ئەنجامبدەین ،وەرش وەرزش وەرزش".
جگە لە وەرزشڤانان و خوێندکاران و فەرمانبەران، بەشێک لە کاسبکارانی رووسیاش وەرزش دەکەن، کاسبکارێک دەڵێ "وەرزشکردن لەسەر شەقام واتە هەڵمژینی هەوای پاک، لەناو هۆڵدا تەنها زستانان خۆشە کە کەشوهەوا زۆر ساردە، لە بەهارانەوە من لە شوێنی کراوە وەرزش دەکەم".
بەپێی دوایین ئامار کە هی ساڵی 2018یە، زیاتر لە 60%ی خەڵکی رووسیا وەرزش دەکەن، ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 24 ساڵاندایە، زیاتر لەوانی دیکە چالاکن لە بواری وەرزشکردندا.
نزیکەی 14 ملیۆن کەس لە رووسیا لە هۆڵەکانی وەرزشکردن وەرزش دەکەن، بەڵام زیاتر لە 60 ملیۆن کەس بەهۆی نەبوونی کات یان لاوازیی توانای ماددی، لە ماڵەوە یان لە دەرەوە یان لە شوێنی تایبەت بە کار و خوێندن و پشوودان وەرزش دەکەن.
لە ساڵی 2019دا هۆڵەکانی وەرزشکردن 133 ملیارد رۆبڵ داهاتیان هەبووە، کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار، نرخەکانیان بەپێی شارەکان جیاوازن، لە مۆسکۆ هۆڵێکی وەرزشیی مامناوەند و باش بۆ کەسێک، دەوروبەری هەزار دۆلارە، بۆ ماوەی ساڵێک.


