رووداو - لەندەن
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی سکۆتلەندا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی دەکەن بۆئەوەی لە بەریتانیا جیاببنەوە، تاوەکو ئێستا لە 45%ی خەڵکی ئەو وڵاتە لایەنگری لە مانەوەی هەرێـمەکەیان لەنێو بەریتانیادا دەکەن.
تۆماس نۆرلەند، هاووڵاتییەکی سکۆتلەندییە و دەڵێت، "من کەسێکی دیموکراتخوازم و رێز لە دیموکراسی دەگرم. ئەگەر هەموو شتێک بەدروستی کراوە، لەسەر گشتپرسی هیچ کێشەیەکم نییە".
جۆن پینەر، رۆژنامەڤانێکی سکۆتلەندییە و ئاماژە بەوە دەکات، "من نازانم ئەمە بۆ چییە و تێناگەم. جارێک گشتپرسی بەسە و ئەو دۆڕا. یانی دەبێت داوای گشتپرسیی دووەم و سێیەم بکاتەوە؟"
حکومەتی بەریتانیا بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە سکۆتلەندا رەتدەکاتەوە، بەڵام حکومەتی خۆجێیی سکۆتلەندا رایگەیاندووە، رێوشوێنی یاسایی بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی سکۆتلەندا دەگرێتەبەر.
ئەنتۆنیۆ پازدیا، هاووڵاتیی سکۆتلەندییە و دەڵێت، "ئەوەی ئێمە دەزانین، گشتپرسی سەربەخۆیی کێشەیە و کێشەیەکی گەورەیە لەناو پەرلەماندا. بۆریس جۆنسن ئێستا سەرکردایەتی دەکات و زۆرینەی دەنگی نێو پەرلەمانی بەدەستهێناوە، واتە ئەو دەتوانێت ئەوە بکات کە دەیەوێت، بەڵام کە دێتە سەر پرسی سکۆتلەندا، پێم وایە هیچ لەو پرسەدا هاوکار نابێت".
بەپێی راپرسیەکی رێکخراوی دێلتاپۆل، بەهۆی برێگزیتەوە لە 45٪ی سکۆتلەندییەکان سکۆتلەندایەکی سەربەخۆیان دەوێت، لە 45٪ بە پێچەوانەوە و لە 10٪یشیان هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی داوای حکومەتی سکۆتلەندای بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسیی سەربەخۆیی رەتکردەوە.
خۆپیشاندانە فراوانەکەی سکۆتلەندا بۆ پشتیوانیکردن لە سکۆتلەندایەکی سەربەخۆ هێندەی دیکە دەنگی سەرۆکوەزیرانی
سکۆتلەندای زوڵاڵکردووە و هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە دژی بۆریس دەکات. پەرلەمانتار و لۆردەکانی بەریتانیاش خواستی جیابوونەوە لەم کاتەدا بە دژوار دەزانن.
لۆرد ئۆکسرا، سەر بە پارتی لەیبەر ئەوەی خستەڕوو، "هەموو پارتەکان پەشیمانن، بە ناسیونالیستیشەوە بە نیکۆلاس خۆیشیەوە تەنیا جارێک ریفراندۆم بۆ نەوەیەک دەکرێت".
لەکاتێکدا سەرکردەکانی بەریتانیا بیر لەوە دەکەنەوە سوپا و کەرتی ئابووریی وڵاتەکەیان بەشێوەیەک رێکبخەنەوە کە بەبێ ئەوروپا و ئەمریکایش بە بەهێزی بمێننەوە، ئەو داخوازییەی سکۆتلەندییەکان تووڕە و بێزاریان دەکات.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
