رووداو - لەندەن
وەک ئامادەکاری بۆ جەژنی کریسمس و سەری ساڵی نوێ، شەقام و گۆڕەپانەکانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ڕازێنراونەتەوە و گەشتیارێکی زۆر روویان لە شارەکە کردووە. هاوکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات هێزی زۆری ئەمنی بە شەقامەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
مەگێن مێکلاود، دانیشتوویەکی لەندەنە و دەڵێت "زۆر خۆشحاڵم لە لەندەن جەژنی کریسمس لەگەڵ هاورێ کوڕەکەم دەکەم. ئێمە دەچینە شاری یاریی زستانە و کاتێکی زۆر خۆش بەسەردەبەین".
لەم جەژنەدا هاووڵاتییانی بەریتانیا سەردانی دۆست و هاوڕێکانیان دەکەن و لەدەوری یەکدی کۆدەبنەوە.
ستیڤن پێرس براون، دانیشتوویەکی لەندەنە و دەڵێت "من بۆ یەکەم جارە لە ماڵی هاوڕێ کچەکەم جەژنی کریسمس دەکەم. چێشت لێنانێنم و ئەوەش زۆر باش دەبێت".
دانیشتووانی لەندەن لەم جەژنەدا دیاری بۆ خزم و ناسیاوەکانیان دەکڕن و خۆشەویستیی خۆیان بۆ دەردەبڕن.
کاسی برۆن، دانیشتوویەکی لەندەنە و ئاماژە بەوە دەکات "تەنها جووتێک پێڵاومان بۆ باوکم کڕیوە و کاتی کریسمس لەگەڵ خێزانی مێردەکەم لەسەر دەریا بەسەردەبەین".
زۆر کەس لەم جەژنەدا جلی بابانوئێل دەپۆشن، خۆیان وەک ئەو لێدەکەن و خۆشیی خۆیان لەم جەژنەدا بەو جۆرە دەردەبڕن.
هاووڵاتییەکی بەریتانی کە خۆی کردووە بە بابە نوئێل دەڵێت "جەژنی کریسمس و ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆزبێت. لە ساڵی نوێوە ئومێدی ژیانێکی خۆش بۆ هەموو لایەک دەخوازم. هیوام وایە چێژ لە ژیان وەربگرن، چونکە ژیان خۆشە".
ساڵانە بۆ کریسمس زیاتر لە 30 ملیۆن گەشتیار روودەکەنە لەندەن و فشارێکی زۆر لەسەر شەقامی بەنێوبانگی ئۆکسفۆرد دروستدەکەن، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان زیاتر بڵاوەیان پێکراوە.
مەتوکەنەنی، گەشتیارێکی فەرەنسییە و دەڵێت "لەگەڵ هاوڕێکانم هاتووینەتە ئێرە و زۆر خۆشحاڵین. هەست بە سەلامەتی دەکەین. بەرنامەمان وایە کۆببینەوە و چێشت لێبنێین".
گەشتیاران لە زۆر وڵاتی ئەوروپاوە روویان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کردووە تاوەکو ئەم جەژنی کریسمسە لەوێ بکەن.
سۆفیا، گەشتیارێکی ئیسپانییە و ئاماژە بەوە دەکات "بۆ ئەم جەژنە لە ئیسپانیاوە هاتووینەتە ئێرە. شەقامەکان زۆر قەرەباڵخن. لێرە هەستێکی تایبەتم هەیە".
خەڵک ئاواتیان بۆ ساڵی نوێ زۆرە، بەڵام پاراستنی ئاسیش و ئارامیی وڵات بووەتە خەونێکی سەرەکیی بەریتانییەکان، چونکە ئەوان هەرگیز باوەڕیان نەدەکرد کە رۆژێک لە شەقامەکانی وڵاتەکەی خۆیان بترسن.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
