رووداو دیجیتاڵ
گوڵی محەممەدییە کە تایبەتە بە ئامەدی باکووری کوردستان، لەلایەن قایمقامیەتی یەنیشەهیرەوە هەوڵی ئەوەی بۆ دەدرێ کە وەک براندی کولتووریی شارەکە تۆمار بکرێ.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی یەنیشەهیر لە ئامەدی باکووری کوردستان، داواکاری بۆ تۆمارکردنی نیشانەی جوگرافی بۆ گوڵی محەممەدییە پێشکێش دەکات. موحەممەدیە یەکێکە لە بەها کولتوورییە گرنگەکانی ئامەد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی قایمقامیەتی یەنیشەهیر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ئامەد؛ ئەو شارەی بۆنی گوڵی لێدێ" کە لەلایەن قایمقامیەتی یەنیشەهیرەوە بەڕێوەدەبرێ، دۆسیەی داواکاری بە مەبەستی تۆمارکردنی گوڵی محەممەدییە بە نیشانەی جوگرافی ئامادە کراوە.
قایمقامیەتی یەنیشەهیر دەڵێ، ئەمە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی بەهاکان بۆ نەوەکانی داهاتوو و پەرەپێدانی توانای کشتوکاڵیی شارەکە.
راشیگەیاندووە:"لەکاتێکدا گوڵی محەممەدییە لەگەڵ ناوی شارەکەمان بەبیری خەڵک دێتەوە و بوونەتە دووانەیەک، ئێمە دەمانەوێ وەک نیشانەیەکی جوگرافی و براندێکی شارەکە تۆماری بکەین".
لە راگەیێندراوەکەی قایمقامیەتدا هاتووە:" لە پرۆسەی ئامادەکردنی زانیاری، بەڵگەنامە و راپۆرتە تەکنیکییەکان بۆ داواکاریی نیشانەی جوگرافی، گەیشتووینەتە کۆتایی. بە تۆمارکردنی نیشانەی جوگرافی، پەیوەندیی گوڵی محەممەدییە بە ناوچەکەوە دەپارێزرێ و ناسراوییەکەی زیاد دەبێت".
سەردانی مەیدانیی تایبەت بە گوڵی محەممەدیە کرا
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی " ئامەد؛ ئەو شارەی بۆنی گوڵی لێدێ" بە بەشداریی راگرایەتیی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی دیجلە، بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی نێودەوڵەتیی توێژینەوە و راهێنانی کشتوکاڵیی گاپ، بەڕێوەبەرایەتیی نەمامگە و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، سەردانی مەیدانی کراوە.
محەممەدییە، جۆرە گوڵێکی تایبەت بە ئامەدی باکووری کوردستانە و وەک میراتێکی کولتووری سەیر دەکرێ، بەتایبەتی بە بۆنە خۆشەکەی و رەنگە پەمەییەکەی دەناسرێتەوە.
گوڵی محەممەدییە کە بە دیمەنە جوانەکەی، بۆنە خۆشەکەی و درەنگ سیس بوونی دەناسرێتەوە.



