رووداو دیجیتاڵ
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) وردەکاریی کارەکانی دەستەی بەدواداچوون و چوار لیژنە لاوەکییەکەی پڕۆسەی چارەسەری دەخاتەڕوو و دەڵێ، لیژنەی چاودێریی پەرلەمان هیچ چالاکییەکی مەیدانی ناکات و دوای کشانەوەی پارتی نوێش لە پرۆسەکە، کورسییە بەتاڵەکان بەسەر پارتە بەشداربووەکانی لیژنەکەدا دابەش دەکرێن.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ دۆخی یاسایی و کارگێڕیی پڕۆسەی چارەسەری، راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوکردەوە.
بە گوتەی یڵدز، لە رێگەی (میکانیزمی چاودێری و راپۆرتدان)ـەوە بەدواداچوون بۆ ئەو قۆناخە دەکرێ کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پابەندییان پێیەوە هەیە.
یڵدز ئاماژەی بەوەش کرد کە لە یەکەم کۆبوونەوەی (دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن)دا بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری بڕیاری پێکهێنانی 4 لیژنەی لاوەکی دراوە، کە بریتین لە:
1. لیژنەی لاوەکیی هاوئاهەنگی کاروباری دادوەری و یاسایی.
2. لیژنەی لاوەکیی چاودێری و دەستنیشانکردن.
3. لیژنەی لاوەکیی گونجاندنی کۆمەڵایەتی و یەکگرتن.
4. لیژنەی لاوەکیی چەکدانان و هاوئاهەنگی ستراتیژی.
دابەشکردنی کورسییەکانی لیژنەی چاودێری
سەبارەت بە لیژنەی چاودێریی پەرلەمانیش کە بڕیارە لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە ناوی پەرلەمانەوە چاودێریی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بکات، یڵدز رایگەیاند کە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە فراکسیۆنەکان کردووە ئەندامانیان دیاری بکەن، بەڵام پارتی نوێ بە فەرمی رایگەیاندووە ئەندام نانێرێتە لیژنەکە.
یڵدز روونیکردەوە کە پێشبینیکراوە لیژنەکە لە 19 ئەندام پێکبێت بەم شێوەیە:
-ئاکپارتی 9 ئەندام
- پارتی نوێ 3 ئەندام
- دەم پارتی و مەهەپە هەریەکەیان 2 ئەندام
-جەهەپە، ئیی پارتی و پارتی رێگای نوێ 1 ئەندام
یاریدەدەر سەرۆکی مەهەپە جەختی کردەوە کە لیژنەی چاودێری ناوە ناوە لەگەڵ دەستەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، دەزگا هەواڵگرییەکان و سوپای تورکیادا راوێژ دەکات و بەدواداچوون بۆ پێشهاتە کارگێڕی و یاساییەکان دەکات و راپۆرت ئامادە دەکات، بەڵام هیچ چالاکییەک لە مەیداندا ئەنجام نادات.
هەڵوێستی مەهەپە لەسەر پڕۆسەکە
فەتی یڵدز دووپاتی کردەوە کە مەهەپە سیاسەت بۆ پاراستنی یەکپارچەیی دەوڵەت، چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ماف و ئازادییەکان دادەڕێژێ و گوتی: "مەهەپە لە هیچ زەوینەیەکدا سازش لەسەر ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر ناکات".
یڵدز گوتی: " بابەتەکە تەنیا سەردێڕێکی ئەمنی نییە، بەڵکو پرسێکی ستراتیژیی دەوڵەتە کە پەیوەندی بە داهاتووی تورکیاوە هەیە."
ئەم لێدوانانەی فەتی یڵدز لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی (30ـی تشرینی دووەمی 2026) نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە رۆژانی 25 و 26ـی تشرینی دووەم بۆ 7 فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی دیاریکرد بۆ دیاریکردنی ئەندامانی (لیژنەی چاودێری)ـی 19 ئەندامی لە پەرلەمان.



