رووداو دیجیتاڵ
دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، شەوی رابردوو نرخی بەنزین لە تورکیا بە نزیکەی 3 لیرە بۆ هەر لیترێک دابەزی.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 21-11-2026ــەوە داشکانەکە جێبەجێکرا و بەگوێرەی تابلۆی نوێی بەنزینخانەکان، نرخی هەر لیترێک بە 2.95 لیرەی تورکی (زیاتر لە 5 سەنت) کەمکرایەوە.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بڕی نەوت لە کۆگاکان و دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەو گۆڕانکارییە روویدا.
نرخی لیترێک بەنزین بۆ خوار 70 لیرە دابەزی
دوای داشکاندنەکە، نرخی بەنزین لە سێ گەورەشارەکەی تورکیا، واتە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر بۆ خوار 70 لیرە (1.39 دۆلار) دابەزی. لە ئیستەنبووڵ نرخی لیترێک بەنزین بۆ 68.35 لیرە دابەزی، لە ئەنقەرە بووە 69.25 لیرە و لە ئیزمیریش بووە 69.55 لیرە.
لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستانیش نرخی لیترێک بەنزین بۆ 70.75 لیرە دابەزی.
نرخی سووتەمەنی بەگوێرەی کۆمپانیاکانی دابەشکردن و بەنزینخانەکان، دەکرێ جیاوازییەکی کەمیان هەبێت. بەڵام نرخی تێکڕا ئەوەیە کە لە تابلۆی بەنزینخانەی گەورەشارەکاندا دەبینرێت.



