رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، دوای گواستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ شوێنە نوێیەکەی لە دوورگەی ئیمرالی، دۆخی کارکردنی گۆڕدراوە و سکرتاریەتەکەشی بۆ کارکردنێکی خێراتر بەهێز کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا تیشکی خستە سەر قۆناخەکانی پڕۆسەی چارەسەری و رەوشی زیندانییە نەخۆشەکان، دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد و دانانی قەییوم بۆ کەناڵیکی ئۆپۆزیسیۆن .
سەبارەت بە دۆخی ئیمرالی و ئەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە، باکرهان گوتی: "لەگەڵ گواستنەوەی بەڕێز ئۆجەلان بۆ شوێنە نوێیەکەی، مەرجەکانی کارکردنی گۆڕدران. با ئەمە لێرەوە بە روونی دەربڕم. بۆ ئەوەی خێراتر و بەرهەمدارتر کار بکات، سکرتاریەتەکەیشی بەهێز کرا."
باکرهان هەڵسەنگاندنی بۆ پڕۆسەی چارەسەری کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆسەکە لە 4 قۆناخ پێکدێ:
-قۆناخی یەکەم بریتی بوو لە بێدەنگبوونی چەکەکان و راگرتنی شەڕ
-قۆناخی دووەم بریتی بوو دامەزراندنی زەوینەی دیالۆگ و دانوستان
-قۆناخی سێیەم دروستکردنی چوارچێوەی یاسایی و سیاسی بوو
-قۆناخی چوارەمیش کرانەوەی رێگەی سیاسەتی دیموکراسی و دابینکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانە.
باکرهان گوتی کە ئەوان ئێستا لەنێو قۆناخی سێیەمدان و لە بەردەم دەرگای قۆناخی چوارەمدان.
هاوسەرۆکی دەم پارتی سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کوردی کرد کە پێکهاتبوون لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)؛ حەسەن داغتەکین، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە؛ هەریەک لە سیاسەتڤانان محەمەد جان ئۆزبای و فوئاد ئۆنەن و گوتی: "دەستبەسەرکردنی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەهۆی چالاکیی سیاسی و بیروڕایانەوە قبووڵ ناکەین و سەرکۆنەی دەکەین."
باکرهان دژایەتیی پارتەکەی بۆ دانانی قەییووم بۆ کەناڵی )سۆزجو تیڤی) لە بەیانیی ئەمڕۆدا راگەیاند و گوتی لەگەڵ بەکارهێنانی دادگا بۆ بێدەنگکردنی میدیا نین.
ئەم لێدوانانەی هاوسەرۆکی دەم پارتی هاوکات بوو لەگەڵ چەند رووداوێکی بەیانیی رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2026 لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەوانە بڕیاری دانانی قەییووم بۆ کەناڵی (سۆزجو تیڤی) لە ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتی، هەروەها دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک سیاسەتمەداری کورد، بەتایبەتیش ئەندامانی هاوپەیمانیی نیشتیمانی کوردستان (هەڤبەندی) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە ئامەد و چەند شارێکی دیکە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
