رووداو دیجیتاڵ
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێی راگەیاندوون کە ئەگەری زۆرە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا "لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون" بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت. دەشڵێت، دەبێت سەرجەم پارتە سیاسییەکان لەنێو لیژنەکەدا نوێنەریان هەبێت.
چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026 تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "کۆزا تیڤی"، وردەکاریی دیدارەکەی ئەم دواییەی نێوان دەم پارتی و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای خستەڕوو، کە تایبەت بوو بە رێکارەکانی جێبەجێکردنی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی ئاشتی.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "لە دیدارەکەماندا بەڕێز کورتوڵموش پێی راگەیاندین ئەگەری زۆرە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ئەم لیژنەیە دابمەزرێت؛ ئێمەش پێمانگوت کە پێویستە بەبێ دواکەوتنی زیاتر کارەکانی دەستپێبکات، چونکە ئاشتی پرسێکی هاوبەشی هەمووانە."
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەو لیژنەیە، هاتیمئۆغوڵڵاری روونیکردەوە کە لیژنەکە وەک لیژنەیەکی پسپۆڕی یاسادانانی ئاسایی کار ناکات، بەڵکو وەک "دەستەیەکی راوێژکاریی باڵا" رۆڵ دەبینێت و گوتی: "ئەم دەستەیە خۆی ناتوانێت راستەوخۆ یاسا دەربکات، بەڵام دەتوانێت بۆ پێداویستییەکانی پرۆسەکە پێشنیازی هەموار و دەرکردنی یاسای نوێ ئاراستەی پەرلەمان بکات و بەرپرسیارێتیی مێژوویی لە ئەستۆ بگرێت."
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریکردنی بەرفراوان ژینگەیەکی فرەدەنگ و گشتگیر بۆ سەرخستنی ئاشتی دەستەبەر دەکات و بە سەرۆکی پەرلەمانیان راگەیاندووە، "گرنگە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان، چ ئەوانەی خاوەنی فراکسیۆنن و چ ئەوانەشی کەمینەن، نوێنەریان لە لیژنەکەدا هەبێت و پرسەکە بە ژمارەی دیاریکراوی ئەندامانەوە سنووردار نەکرێت."
پێکهێنانی "لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون" یەکێک لە هەنگاوە بنەڕەتییەکانی پەرلەمانی تورکیایە دوای پەسندکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری (یاسای چوارچێوە). لەم چوارچێوەیەشدا نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان دەستی بە زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بە مەبەستی گەیشتن بە سازان لەسەر میکانیزم و پێکهاتەی کۆتایی لیژنەکە.



