رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتالیای تورکیا لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، پرسی کەشوهەوا و سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، "لە پەراوێزی کارەکانی لووتکەی ئاووهەوا لە ئەنتالیا (COP31)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دیدارێکی ئەنجام دا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکان لە چەندین بواردا باسیان لێوەکراوە و هاتووە: "پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا و ژینگەدا، تاوتوێ کران."
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، تایبەت بووە بە ئاڵۆزی و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە: "باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە."

