رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ئەنتالیای تورکیا کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی لووتکەی ئاووهەوا لە شاری ئەنتالیا، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا چەند تەوەرێکی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران؛ لە سەروویانەوە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، تێیدا "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان کردەوە."



