رووداو دیجیتاڵ
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئەنقەرە لەگەڵ شازادە عەبدولعەزیز بن سعود بن نایف ئال سعود، وەزیری ناوخۆی سعودیە و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەڕێوەچوو، پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتە هەرێمییەکان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانە رێکخراوەکان، قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان، کۆچ و بەڕێوەبردنی سنوورەکان تاوتوێ کران.
چیفتچی، باسی لەوە کرد کە پێویستە هاوئاهەنگیی ئەمنیی هەرێمی پەرەی پێبدرێت و پێشنیازی کرد کۆبوونەوەی سێقۆڵیی وەزیرانی ناوخۆ بە بەشداریی سعودیە و پاکستان رێکبخرێت.
چیفتچی، گوتیشی لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا دەکرێت تاوانە رێکخراوەکان، رێکخراوە تاوانکارییە نوێیەکان، رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، رێگریکردن لە پاڵپشتیی دارایی تیرۆر و ئاسایشی سنوورەکان تاوتوێ بکرێن.
شازادە عەبدولعەزیز بن سعود بن نایف ئال سعود، وەزیری ناوخۆی سعودیە، رایگەیاند، گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعودیە لە هەموو بوارەکاندا دەدەن. ئال سعود، ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتنی مەککە ئەنجامی ئەرێنی بۆ وڵاتانی ئەندام دەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکانیش خرایە بەر باس.
چیفتچی، رایگەیاند، رێککەوتنی هاوئاهەنگی لە بواری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لە ساڵی 2005 لەنێوان تورکیا و سعودیە واژۆ کراوە، بنەمای یاسایی بۆ کارکردن لەم بوارەدا پێکدەهێنێت.
باسی لەوەش کرد کە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو گەورە دەکات و پاڵپشتیی دارایی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دابین دەکات و داوای پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی ئێستای نێوان هەردوو وڵاتی کرد.
زیادکردنی راهێنان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەردوو وڵاتدا یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبردنی کۆچی رێکوپێک و ناڕێکوپێک و ئاسایشی سنوورەکانیش هەڵسەنگێندران.


