رووداو دیجیتاڵ
فاتمە بەتول سایان کایا، وەزیری پێشووی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا و یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئاکپارتی بە مەرجی دەستبەسەربوون لە ماڵەوە ئازاد کرا.
لە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە سندووقەکانی هاوکاری کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە لەبارەی گەندەڵی لە سندووقی هاوکاری بەڕێوەدەچێت، فاتمە بەتول سایان کایا بەو مەرجە ئازادکرا کە لە ماڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە.
دوای 18 رۆژ مانەوەی لە زیندان، بەهۆی ئەو تانەیەی پێشکێشی دادگەی کرد، بڕیار درا فاتمە بەتول سایان کایا، وەزیری پێشووی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی و یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئاکپارتی، بە مەرجی دەستبەسەربوون لە ماڵەوە ئازاد بکرێت.
بەگوێرەی هەواڵی میدیای تورکیا، کایا لە زینداندا بووراوەتەوە و دەرکەوتووە تەندروستیی ناجێگیرە.
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی کە بە بردنی نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار تۆمەتبارە، لە نەخۆشخانە زنجیرەیەک پشکنین و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە، دۆخی تەندروستی باشە و دوای تەواوبوونی چارەسەرەکەی، لە نەخۆشخانە دەرچوو بۆ ئەوەی دووبارە رەوانەی زیندان بکرێتەوە.
دواتر تانەیەکی پێشکێش کرد و بە بڕیاری دادگە رێگەی درا لە ماڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە، بە جۆرێک پرۆسەی دادگەیی بەردەوامە.
چی روویدابوو؟
فاتمە بەتول سایان کایا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی سندووقەکانی هاوکاریدا دەستبەسەر کرابوو و رۆژی 6-11-2026 بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی لەسەری ئامادەکراوە، کایا زنجیرەیەک تۆمەتی تایبەت بە وەبەرهێنان و بابەتەکانی سەرمایەی دراوەتە پاڵ.
پۆستەکانی فاتما بەتول سایان کایا
2009 ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ
2010 راوێژکاری سەرۆکی ئاکپارتی (رەجەب تەیب ئەردۆغان)
2012 بووە یاریدەدەری سەرۆکی پارێزگای ئیستەنبووڵی ئاکپارتی و سەرۆکی ناساندن و میدیا.
2015 ئەندامی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی
2015 یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی (بەرپرس لە توێژینەوە و گەشەپێدان)
10-2015 یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی (بەرپرس لە پەیوەندییەکانی دەرەوە)
11-2015 پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ
2016 وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی
2018 پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ
2023 ئەندامی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی
2023 سەرۆکی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان و یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی



