رووداو دیجیتاڵ سەزای تەمەللی، یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند، دانانی چەک دەرئەنجامە نەک هۆکار، دەشڵێت تێڕوانینی دەسەڵات بۆ "تورکیای بێ تیرۆر" و تەنیا بەستنەوەی کێشەکان بە چەکدانان چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێت سیاسەتی دیموکراتی جێگەی بگرێتەوە. سەزای تەمەللی باسی لە سەردانەکانی دەم پارتی بۆ لای هێزە سیاسییەکان و لەنێویاندا "پارتی نوێ" کرد و گوتی: "ئەم دیدارە بەردەوام دەبێت و سەردانی پارتەکانی دیکەش دەکەین، چونکە تورکیا بە قۆناخێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت و دەمانەوێت زەمینەیەک بۆ چارەسەری دروست بکەین." سەبارەت بە یاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی کە لە 10ی ئاب پەسند کرا، تەمەللی ئاماژەی بەوە کرد یاساکە کەموکوڕیی گەورەی هەیە و پێویستی بە دەرکردنی یاسای دیکەش دەبێت، چونکە بە گوتەی ئەو: "یاساکە گشتگیر نییە؛ تاوەکو ئێستا روون نییە چی بەسەر سەرکردەکانی پەکەکە و کەجەکەدا دێت. ناکرێت تەنیا بڵێین با چەک دانێن و تەواو، بەڵکو دەبێت ئەوانەی سوودمەند دەبن مافی بەشداریکردنیان لە سیاسەتی دیموکراتیدا پێبدرێت." دەقی هەڤپەیڤینەکە رووداو: لەم دواییانەدا سەردانی پارتی نوێتان کرد، ئایا ئەم سەردانانە بەردەوام دەبن؟ باسی چیتان کرد؟ بەتایبەتی پەیوەست بە پرۆسەکەوە، سەبارەت بەو کۆمیسیۆنەی کە پلانی بۆ دانراوە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، دەربارەی تێڕوانینی پارتەکە دەتوانیت چی بڵێیت؟ سزایی تەمەللی: پێش هەموو شتێک با ئەمە بڵێم؛ پارتی نوێ گوێزرابووەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی خۆی و ئێمە دەمانویست سەردانێکی پیرۆزبایی (بەخێرهاتن) بکەین. بەڵام بەهۆی کارەکانی کۆنگرەکەمانەوە، ئەم سەردانە کەمێک دواکەوت. لەبەر ئەوەش ئێمە لە شوێنە نوێیەکەیان سەردانمان کردن و خواستی سەرکەوتنی خۆمان پێگەیاندن. بەڵێ، سەردانێکی گرنگ بوو. بەڵام پێش ئەوەش ئێمە سەردانی گرووپی چوارقۆڵیی وەک (DÎSK، TMMOB، TTB و KESK)یشمان کردبوو. سەردانەکانمان بەردەوامن. ئەم سەردانەی کە بە پارتی نوێ دەستیپێکرد، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەشدا بەردەوام دەبێت. ئێمە دەمانەوێت زەمینەیەکی بەمشێوەیە دروستبکەین. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی تورکیا جارێکی دیکە بە قۆناخێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت. بەتایبەتی دوای ئەو یاسایەی کە لە 10ی ئابدا دەرچوو، زۆر هەنگاو هەن کە دەبێت لە تورکیادا بنرێن و بۆ هاویشتنی ئەم هەنگاوانە ئێمە بانگەواز لە هەموو کەسێک دەکەین کە بەشداری پرۆسەکە ببن. لەم پرۆسەیەدا ئێمە تەنیا پێکەوە دەتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین و هەندێک کێشە تێپەڕێنین. بەڵێ، یاساکە دەرچوو، بەڵام کەموکوڕیی گرنگی یاساکە هەن. لە لایەکی دیکەوە پێویستی بە یاسای دیکە هەیە، بەهۆی جێبەجێکردنەکانیشەوە ئاستەنگ دەردەکەون. ئێمە ئەم شتانە دەڵێین. بۆ تێپەڕاندنی ئەمانە، دەمانەوێت سیاسەت دەستپێشخەرییەکە بگرێتە دەستی خۆی. ئیدی ناکرێت بە تێگەیشتنەکانی پێشوو، بە کۆدە سیاسییە کۆنەکان و بە نزیکبوونەوەکانی رابردوو رێگە ببڕدرێت. بۆ چارەسەریی دیموکراتیانەی پرسی کورد زەوینە دروست بووە. پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەم زەوینەیە، بە زیندوو هێشتنەوەی ئەم زەوینەیە و بە دەستی سیاسەت گۆڕینی بۆ پێکهاتەیەکی جیدی زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشانەی لە رابردووەوە ماونەتەوە. لەبەر ئەوەی سەردەمێکی زۆر زۆر گرنگ دەستیپێکردووە. بەڵام کاتێک بە ناوی ئەمەوە سەیر دەکەین، بەداخەوە دەسەڵاتداری و دەوڵەت دیسان بە تێگەیشتنە کۆنەکان، تەنیا بۆ ئەوەی مەسەلەکە بخەنە نێو چوارچێوەی "تورکیای بێ تیرۆر" سەیر دەکەن و تێڕوانینی "با چەکەکان دابنرێن، دواتر سەیری ئەوەی دیکە دەکەین" باڵادەستە، ئێمە ئەمە باش دەزانین. چەکدانان دەرئەنجامێکە؛ چۆن خەباتی چەکداری هۆکار نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی ئەم مەسەلەیە بوو، لەبەر ئەمەش چەکدانانیش دەرئەنجامێکە. پێویستیمان بە تێگەیشتنێک هەیە کە هۆکارە سەرەکییەکان چارەسەر بکات و بە هۆکارەکانی ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەریی دیموکراتیانەی پرسی کوردەوە سەرقاڵ بێت. ئێمە لەسەر ئەم شتانە قسەمان کرد. هەڵبەتە وەکو ئێوەش ئاماژەتان پێدا، پێویستی بە دروستکردنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەماندا هەیە. هەندێک دەستەی دیاریکراو پێکهێنران، بەڵام وەک خۆشتان دەبینن ئەم دەستانە زۆر چالاک نین. ئێمە چاوەڕوانی خێراکردنی ئەمەین، چاوەڕوانی سەردانەکانین بۆ دوورگە (ئیمراڵی)، چاوەڕوانی کارکردنی دەستەکانین و چاوەڕوانی ئەو هەنگاوانەین کە پێویستە (ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی) بینێت، بەڵام هێندەی ئەمانە گرنگ، رەنگە ئەوەی رێگە لە بەردەم ئەمەشدا بکاتەوە، ئەو کۆمیسیۆنەیە کە لە پەرلەماندا پێکدەهێنرێت. ئێمە بەم شێوەیە باوەڕمان وایە. ئەم بابەتەش لەناو بابەتەکانی وتووێژماندا بوو. ئێمە دەڵێین پێویستی بە کۆمیسیۆنێک هەیە کە خاوەن توانا بێت، بەهێز بێت، بتوانێت ببێتە "چاوی سێیەم" و تەنیا بەمەش نەوەستێت؛ کاری چالاکانە و بەرهەمداری پەرلەمان مسۆگەر بکات و رێگە لەبەردەم جێبەجێکردنی هەموارکردنە یاساییەکان بکاتەوە. بەشداریکردنی هەموو پارتەکان بۆ ئێمە لە پلەی یەکەمدایە. لە پارتی نوێشدا تێگەیشتن و نزیکبوونەوەیەکی بەمجۆرە هەیە. بێگومان دەربارەی ئەوەی کە پارتی نوێ بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا دەکات یان نا، من ناتوانم شتێک بڵێم. بەڵام ئەوان پێشتریش رایانگەیاندبوو کە واژۆی ئەوان لەژێر بابەتی کۆمیسیۆنی پێشوودا هەیە و لەنێو هەوڵە پێویستەکانی ئەم بوارەدا دەبن؛ جارێکی دیکەش ئەمەیان هێنایە زمان. بەڵام کۆمیسیۆنەکە چۆن دروست دەبێت و چۆن دەکەوێتە بواری پراکتیکەوە؟ ئێستا هەموو کەس چاوەڕوانی ئەمەیە: چاوەڕوانی سەردانەکانی سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتوڵموش دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەو خۆی گوتبووی: "من سەردانی هەموو پارتەکان دەکەم، بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین و بەپێی ئەوەش کۆمیسیۆنێک دروست دەکەین و دەیخەینە کار." ئێستا هەمووان چاوەڕوانی ئەمەن. پارتی نوێش گوتی ئەوان چاوەڕوانی ئەمەن و کەمێک رەخنەشیان لە دواکەوتنی گرت. لەبەر ئەوە، ئێستا ئێمەش چاوەڕوانی ئەمەین. رووداو: لەو روانگەیەوە هوداپاریش گلەییەکی لە ئێوە هەیە بەڕێز تەمەللی. لەم دواییانەدا سەرۆکی گشتیی هوداپار لە پەخشی رووداودا راگەیاندنێکی بەمشێوەیەی هەبوو: "واژۆمان لەژێر هەمان یاسادا هەیە، بەڵام ناتوانین بێینە پاڵ یەک." ئایا لەگەڵ هوداپار کۆدەبنەوە؟ سەزایی تەمەللی: هەڵوێستی پرەنسیپیی دەستەکانی پارتی ئێمە هەتا ئەمڕۆ لە گۆڕێیە. تاوەکو بارودۆخ و مەرجەکان نەگۆڕێن، لەم هەڵوێستە پرەنسیپییانەی ئێمەدا گۆڕانکاریی زۆر روونادات. لەبەر ئەوە، بێگومان سیاسەت تاوەکو ئەمڕۆ بە زۆر بار و بارگرانییەوە هاتووە. ئێمە سەیری ئەو بارانە ناکەین و هەمان شت لە سەرلەنوێ بەرهەمناهێنینەوە، بەڵام ئێمە لە هەڵوێستی پرەنسیپیی خۆماندا سوورین. بۆیە تاوەکو لەو مەرجانەی بوونەتە هۆی ئەم هەڵوێستە پرەنسیپییەماندا هیچ گۆڕانکارییەک روونەدات، هەڵسەنگاندنی ئەمە بۆ ئێمەش زۆر زەحمەتە. رووداو: یەکێک لە ناونیشانە هەرە گرنگەکان، گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکەیە. سەبارەت بەمە ئایا هیچ خشتەیەکی کاتی کە ئێمە نەیزانین، لە میدیاکاندا نەبووبێت و لە پەرلەمان قسەی لەسەر کرابێت، هەیە؟ هەروەها بەرپرسانی کەجەکە هەن کە ناتوانن بگەڕێنەوە، ئایا نەخشەڕێگەیەک بۆ ئەوان هەیە؟ سەزایی تەمەللی: بڕوانە، ئەمە پرسیارێکی گرنگە. لەوانەیە گەورەترین کێشەی ئەم یاسایە ئەوە بێت کە فراوان و گشتگیر نییە. لە دۆخێکی وەهادا کە گشتگیر نەبێت، بە ناچاری زۆر پرسیار بێوەڵام دەمێننەوە. ئێستا لەنێو یاساکەدا هیچ وەڵامێک نییە کە چی بەسەر بەڕێوەبەرانی پەکەکە و کەجەکەدا دێت. ئەو کات ئێمە بە تەواوی گوتمان: دەبێت یاساکە فراوان و گشتگیر بێت، مەسەلەکە نابێت تەنیا چەکدانان بێت؛ ئەو کەسانەی لەم یاسایە سوودمەند دەبن دەبێت لەنێو سیاسەتی دیموکراتیدا بن. لەبەر ئەوەی ئێمە باس لە چارەسەریی دیموکراتیانەی پرسی کورد دەکەین، دەبێت هەموو ئەکتەرەکان لەناو ئەم پرۆسەی چارەسەرییە دیموکراتییەدا هەبن. دەبێت مافی بەشداریکردن لە سیاسەتدا مسۆگەر بکرێت. سیاسەتی دیموکراتی تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت پێش بکەوێت. دەنا، لە شوێنێکدا کە ئاستەنگ لە بەردەم بەشداریکردندا هەبێت، لە شوێنێکدا کە تۆ بڵێیت "نەخێر، تۆ ناتوانیت سیاسەت بکەیت"، لەوێ ئێوە ناتوانن باسی سیاسەتی دیموکراتی و چارەسەریی دیموکراتیانەی پرسی کورد بکەن. لەبەر ئەوەش دەبێت ئەم کەموکوڕییەی یاساکە لە زووترین کاتدا چارەسەر بکرێت و فراوان بێت. دەبێت مرۆڤ تەنیا بە دەستبەرداربوون لە چەک و بە سوودوەرگرتن لەم یاسایە سنووردار نەمێنێتەوە؛ بەپێچەوانەی ئەمەوە، دەبێت لە مافە زۆر فراوانترە سیاسی، مەدەنی و ئابوورییەکان سوودمەند بێت. رووداو: ئەو پرۆسەیەی پێیدەگوترێت یاساکانی دیموکراتیزەکردن، ئایا هیچ پێشبینییەکتان هەیە لەبارەی ئەوەی کەی دەستپێدەکات؟ ئایا لە پەرلەماندا هیچ کارێک لەبارەیەوە هەیە؟ خەڵک تەنیا چاوەڕوانی پرسی گەڕانەوەی پەکەکەکان نین؛ لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردییەوە بگرە تاوەکو بابەتی دیموکراتیزەکردن لەسەر زۆر ناونیشان چاوەڕوانی هەیە. ئایا لە پەرلەماندا هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەمە دەبینن؟ سەزایی تەمەللی: ئێستا زۆر بابەتی زۆر گرنگ هەن بە ناوی دیموکراتیزەبوون، بە ناوی بوون بە دەوڵەتی یاسا و بەهێزکردنی دیموکراسیی خۆجێییەوە. ئێستا قەییوومەکان لە شوێنی خۆیانن، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ ناکرێن. ئەم دووانە بنەڕەتیترین مەسەلەن کە سەرچاوە لە پراکتیکەوە دەگرن و زۆر بە ئاسانی دەکرێت تێپەڕێنرێن، تەنانەت پێویستی بە یاساش نییە. مەسەلەی سێیەم ئەوەیە کە ئێوە باستان کرد: مافی پەروەردە بە زمانی دایک، مافی سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە زمانی دایک و ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان بنرێن. کاتێک ئێوە لە سەرەوە تا خوارەوە دەڕوانن، لە بواری مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا زۆر هەنگاو هەن کە دەبێت بنرێن و زۆر کار هەن کە دەبێت بکرێن. بەڵام ئایا هیچ شتێک دەکرێت؟ ناکرێت! مەسەلەکەش خۆی ئەمەیە. لەم بابەتانەدا هەموو شتێک وەک ئەوەی خستبێتیانە ژووری چاوەڕوانییەوە. چاوەڕوانی چین؟ چاوەڕوانی ئەوەن کە ئەم یاسایە بە بڕیاری (ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی) و تەواوبوونی ئەو رێکارە بەڕێوەببرێت. دەگوترێت دوای تەواوبوونی کارە پەیوەندیدارەکانی ئەم یاسایە هەنگاو دەنرێن؛ ئەمەش رێگە لە بەردەم پێشوەچوونی یاساکە دەگرێت. لێرەدا چەقبەستووییەک هەیە. رێگەی تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە و چاوەڕوانیی کۆمەڵگەش ئەوەیە کە هەنگاوەکانی دیموکراتیزەبوون بنرێن. هیوادارم ئێمە ئەمە سەربخەین.
تورکیا19-10-2026وەزیری گواستنەوەی تورکیا: رێگەی گەشەپێدان هاوسەنگیی هێز و پەیوەندییە ئابوورییەکان دادەرێژێتەوە