رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی (تاوانەکان دژی ژنان دەوەستێنین) راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێ، لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا 20 ژن كوژراون و 39 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راپۆرتی پلاتفۆرمەكە، پێنج ژن بەدەست هاوژینیان، چوار ژن بەدەستی خۆشەویستیان، چوار ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، یەک ژن بە دەستی باوکی، سێ ژن بەدەست خزمیان، سێ ژن بەدەست کەسانی نەناسراو كوژراون.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە هاتووە، نۆ ژن لەنێو ماڵەكانیان، چوار ژن لە چۆڵەوانی، سێ ژن لە شەقام، دوو ژن لە شوێنکارەکانیان، دوو ژن لەنێو ئۆتۆمبێل كوژراون.
لە تشرینی یەکەمدا 18 ژن لە شارەکانی تورکیا و دوو ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان لە ئیزمیر و ئایدن کوژراون کە شەش ژن بوون. لە باکووری کوردستانیش دوو ژن کوژراون کە لە مەڵەتێ و ئامەد بوون.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، 15 ژن بە چەک، سێ ژن بە چەقۆ، ژنێک بە خنکان و ژنێکیش بە ئاگر کوژراوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2025دا 294، ژن، لە ساڵی 2024دا 297 ژن، لە ساڵی 2023دا 315 ژن، لە ساڵی 2022دا 398 ژن، لە ساڵی 2021دا 367 ژن و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن کوژراون.



