رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، رۆژی سێشەممە 3-11-2026 لە بەرنامەیەکی تایبەت بە ئاکپارتی لە ئەنقەرە قسەیکرد و رایگەیاند، تێکڕای تەمەن لە باکووری کوردستاندا 26 ساڵە. راشیگەیاند، ئاکپارتی وەبەرهێنانی زۆری لەو ناوچەیەدا کردووە، پلانی وایە لە قۆناخی دادێ سوودی لێ ببینێت و ناوچەکە بکاتە داینەمۆی پێشکەوتنی تورکیا.
محەممەد شیمشەک، باسی لە شەڕ و پێکدادانی دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کرد و جەختیکردەوە کە تورکیا 47-48 ساڵە لەو بەرەنگاربوونەوەیەدایە. هەروەها رایگەیاند، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، ئەو بەرەنگاربوونەوەیە 2 تریلیۆن و بەگوێرەی هەندێکی دیکە 2.3 تریلیۆن تێچووی بووە.
محەممەد شیمشەک هەڵوەستەی لەسەر ئەو خەرجییە کرد و گوتی:"بیر لەوە بکەنەوە، تورکیا 2.3 ترلیۆن دۆلاری لەبری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە گەشەپێدان و پێشخستن خەرج بکردبا، لە چ پێگەیەکدا دەبووین؟"
شیمشەک ئاماژەی بە گەنجیی تەمەنی ناوچە کوردنشینەکان (باکووری کوردستان) کرد و گوتی:" تورکیا لە قۆناخی دادێ، لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا سوود لە دانیشتووانی گەنجی باشوور و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ وەردەگرێت. لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ تێکڕای تەمەن نزیکەی 26 ساڵە، تێکڕای تورکیا 35 ساڵە. تێکڕای تەمەن لە ئەورووپا 44-45 ساڵە. ئەو ناوچانە گەنجن. ئێمە ژێرخانمان بۆ ئەو ناوچانە برد، زانکۆمان کردەوە و قوتابخانەی پیشەییمان دامەزراند. وەبەرهێنانمان بۆ مرۆڤ و ژێرخان کرد و زۆر سەخییانە هاندان پێشکێش دەکەین".
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا هەروەها رایگەیاند کە ئاکپارتی لە بەرنامەی نوێیدا پلانی هەیە ئەو ناوچانە (باکووری کوردستان) بکاتە داینەمۆی گەشەپێدان، چونکە تەمەنی گەنجە و ناوچەکەش لەبارە بۆ پلانێکی وەها.

.jpg&w=3840&q=75)
