رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی پارتی نوێ رایگەیاند، پێویستە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی وردی لەسەر بکرێ و چوارچێوە و زیانەکانی روون بکرێنەوە.
زەینەل ئەمرە، گوتەبێژی پارتی نوێ رایگەیاند، رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لەنێوان وڵاتانی تورکیا-پاکستان-سعودیە واژۆ کراوە، دەبێت بێتە پەلەرمانی وڵاتەکەی، دوای گفتوگۆی ورد، پەسند بکرێت و دواتر لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
گوتەبێژی پارتی نوێ راشیگەیاند، "دەبێت لە پەرلەمان بە وردی باسی ئەم رێککەوتنە بکرێت. چوارچێوە و زیانەکانی گفتوگۆی لەسەر بکرێت."
ئەم لێداونەی گوتەبێژی پارتی نوی لە کاتیکدایە، دوێنی دووەم کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی رێککەوتنی مەککە لە ریازیی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو. هاوئاهەنگیی سەربازی لەنێوان ئەندامانی ئەو رێککەوتنە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوو.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەر سێ وڵات لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر مەککە و مەدینە لەلایەن حووسییەکانەوە کرا. هاوکات بڕیاریان دا بەپەلە دەست بە جێبەجێکردنی "پلانی بەرگریی بەکۆمەڵ" لەڕووی سەربازییەوە بکرێت.



