رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە "بەڵای تیرۆر" رزگاری ببێت. ئاماژە بەوەش دەکات، خولی نوێی پەرلەمان دەبێتە قۆناخی چاکسازیی پێکهاتەیی و بەهێزکردنی بنەمای یاسایی بۆ قۆناخی نوێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەی.
سەرۆکی مەهەپە گوتی، "دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمماندایە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لەو بەڵایەی تیرۆر رزگارمان بێت کە ماوەی 40 ساڵە رووبەڕووی گەلەکەمان بووەتەوە. ئامانجمان ئەوەیە ناوچەکە بەتەواوی لە هەڕەشە ئەمنییەکان پاکبکەینەوە و خۆشگوزەرانیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکەین."
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا لە قۆناخێکدان دەتوانن نەخشەڕێگەی داهاتوو پێکەوە دابڕێژن، "دەتوانین زەمینەیەک دەستەبەر بکەین تێیدا دادپەروەری، سیاسەت، دیموکراسی، یەکێتیی نیشتمانی و برایەتی باڵادەست بن نەک تیرۆر و چەک. بڕیاری گەلەکەمان روونە، ئەویش ریشەکێشکردنی تیرۆرە لەم خاکەدا بە شێوەیەک کە جارێکی دیکە سەرهەڵنەداتەوە."
سەبارەت بە ئەجێندای خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، لەبری مشتومڕی سیاسیی بێئەنجام، ئەم خولە دەبێتە قۆناخی چاکسازیی بنەڕەتی بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵات.
باخچەلی گوتیشی، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانان، تورکیا لەلایەک بنەمای یاسایی و سیاسیی ئامانجەکانی پرۆسەی چارەسەری بەهێز دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی دیموکراسی، پتەوکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی یاسا، پاراستنی یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی باری ئابووریی هاووڵاتییان.




