رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوای کرد جارێکی دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ببێتەوە بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و رایگەیاند، بۆئەوەی ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بکات، پێویستە پەرلەمان بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2028 بدات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026 لە یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە خولی نوێی یاساداناندا، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی لە رۆژەڤی سیاسیی تورکیا کرد.
باخچەلی رایگەیاند، بۆئەوەی ئەو هەڵکشانەی تورکیا بەدەستیهێناوە بەردەوام بێت، پێویستە رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە و بۆ جاری سێیەم بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
سەرۆکی مەهەپە گوتیشی، "ئارەزوو و داواکاریمان ئەوەیە کە جارێکی دیکە بەربژێری سەرۆککۆماریی هاوپەیمانیی جمهوور، رەجەب تەیب ئەردۆغان بێت. بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم پێویستییە."
بۆ کردنەوەی رێگە لەبەردەم بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان، باخچەلی پێشنیازی کرد کە پەرلەمانی تورکیا بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات و گوتی، "بۆئەوەی بەڕێز سەرۆککۆمار ئەردۆغان بتوانێت جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە، پێویستە پەرلەمان لە کاتێکی گونجاودا و بە رێککەوتنێکی بەرفراوان، بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات. هەڵبژاردنە نوێکراوەکان لە ساڵی 2028دا، زیان بە سەقامگیری و پێشبینییەکان ناگەیێنێت و لەگەڵ رۆحی سیستمەکەدا دەگونجێت."
باخچەلی هاوکێشەی سیاسیی پارتەکەی بۆ 5 ساڵی داهاتوو خستەڕوو و گوتی، "ئەردۆغان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، مەهەپە لە دەسەڵاتی یاسادانان؛ هاوپەیمانیی جمهوور لە تورکیا، سەدەی تورک لە جیهاندا."
سەرۆکی مەهەپە روونیکردەوە، ئەم هاوکێشەيە ئاماژەیە بۆ ستراتیژیی ئەوان کە پێیوایە دەبێت دەسەڵاتی یاسادانان هێندەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەهێز، چاودێر، بەرهەمهێنەر و یەکلاکەرەوە بێت.
باخچەلی گوتی، بۆ ئەوەی میکانیزمی هاوسەنگی و چاودێری بە شێوەیەکی تەندروستتر کار بکات، پێویستە لەگەڵ سەرۆککۆماردا، زۆرینەی پەرلەمانیش لە دەستی هاوپەیمانیی جمهوردا بێت و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەییش هێزی نوێنەرایەتیی خۆی لە دەسەڵاتی یاساداناندا بەهێزتر بکات.




