رووداو دیجیتاڵ
کچێکی تەمەن 15 ساڵ بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەیەکی ناوەندی لە گەڕەکی باشاکشەهیری ئیستەنبووڵ و هەشت قوتابی بریندار کرد، کە یەکێکیان ئەم ئێوارەیە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 08:45ــی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6-10-2026 روویدا.
کچەکە کە قوتابی پۆلی 10ی قوتابخانەیەکی دیکەی هەمان گەڕەکە، بە جلوبەرگی قوتابخانەکەی خۆیەوە چووە نێو باڵەخانەکە و بە دوو چەقۆ کە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆی بردبوونی، پەلاماری قوتابییانی دا.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "ئەو کچەی هێرشەکەی کردووە، خەڵکی هەمان گەڕەکە و قوتابی قوتابخانەیەکی دیکەیە و بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، پەلاماری قوتابییانی داوە."
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پۆلیس و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.
پێشتر کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا، سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان رایگەیاندبوو: " هەشت قوتابییە بریندارەکە لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، بەڵام دۆخی سێ لە قوتابییەکان ناجێگیرە".
نزیکەی دوو کاژێر دوای ئەو گوتانەی وەزیری تەندروستی، هەواڵی گیانلەدەستدانی یەکێک لە قوتابییەکان بڵاوبووەوە. ناوی قوتابییەکە بە (ئ.ـ س. ب) بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ کچە هێرشکارەکەیان دەستگیرکردووە و پشکنین و لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسوکارەکەی دەستیپێکردووە، تاوەکو هۆکار و پاڵنەری پشت ئەو هێرشە ئاشکرا بکرێت.



