رووداو دیجیتاڵ
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان، هۆشداریی دا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، پێویستە ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەگەر ئەمجارەش شکست بهێنێت، لە داهاتوودا هیچ سیاسەتمەدارێک ناتوانێت ئیرادەیەکی وا بەهێز بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نیشان بدات.
وەزیری پەروەردەری تورکیا لە جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە و رایگەیاند، تورکیا لە قۆناخێکی گرنگدایە و پێویستە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە پێکەوە کار بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، کە لە تورکیا بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناسراوە، "ئەگەر ئەمجارە شکست بهێنین، دەرفەتی دیکەمان نابێت."
ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەش دا، لە رابردوودا هەوڵەکانی وەک (پرۆسەی چارەسەری) و (کرانەوە بەرامبەر عەلەوییەکان) بەهۆی تێکدان و دەستێوەردانەوە شکستیان هێناوە، "هەموومان دەزانین کە دووژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی نایانەوێت پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر سەرکەوتوو بێت. تاوەکو ئێستا شتی واشیان کردووە کە بە خەیاڵی شەیتانیشدا نایەت. بەڵام پێویستە ئەمجارە ئەم پرۆسەیە شکست نەهێنێت."
تەکین هۆشداریی دا و گوتی، "ئەگەر ئەمجارەش ئەم پرۆسەیە شکست بهێنێت، لە داهاتوودا هیچ سیاسەتمەدارێک ناتوانێت ئیرادەیەکی وا بەهێز بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نیشان بدات. پەرلەمان و سیاسەتمەدارەکانمان ئەوەی لەسەریان بوو کردیان. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێمەدایە."
وەزیری پەروەردەی تورکیا پرۆسەکەی بە گۆڕانکارییەکانی پرۆگرامی خوێندنەوە بەستەوە کە بە (مۆدێلی پەروەردەی سەدەی تورکیا) ناسراوە و رایگەیاند، بەهاکانی وەک پشتیوانیی نیشتمانی، دادپەروەری و برایەتی لە چەقی گۆڕانکارییەکاندان.
تەکین گوتی، "لە سەرەتای ساڵی 2024دا گوتم یەکێک لە یەکەم بابەتەکان کە دەبێت لە قوتابخانە فێری منداڵانی بکەین، برایەتییە." جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە نەوەیەک پەروەردە بکەن کە پێکەوە داهاتووی وڵات بنیات بنێن و پشتیوانی یەکدی بکەن.




