رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا قسەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کرد و رووی لە حکومەت کرد و گوتی، "هەنگاوێک لە هەزار قسە باشترە."
ئەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمان، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکان کرد و داوای کرد، لیژنەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەست بە کارەکانیان بکەن.
باکرهان ئاماژەی بەوە دا، یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران تێپەڕیوە و لە چوارچێوەی یاساکەیشدا چوار لیژنەی لاوەکی پێکهێندراون، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیان بە کار نەکردووە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "لە زمانی کوردیدا قسەیەک هەیە، دەڵێن 'هەنگاوێک لە هەزار قسە باشترە'. ئێمەش دەمانەوێ بڵێین کە چی دیکە چاوەڕێی قسە ناکەین، بەڵکو چاوەڕێی هەنگاوی کۆنکرێتین."
لەبارەی (دەستەی هاوئاهەنگی ستراتیژی و چەکدانان)، کە یەکێکە لە لیژنە لاوەکییەکان بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە، باکرهان گوتی، گرنگییەکی مێژوویی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەیە و گوتی، "پێویستە ئەم دەستەیە هەرچی زووە بە هاوئاهەنگی بەڕێز ئۆجەلان دەست بە کارەکانی بکات. کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵات و دەوڵەت هەنگاوی بوێرانە و جیدی بنێن."
باکرهان باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، "تەرازووی ئاشتی دوو تای هەیە. ئەگەر لە لایەکی چەک دانرا، دەبێت لە لایەکەی دیکە یاسا دابنرێ. تەرازووی ئاشتییەک کە باری تەنیا لەسەر یەک لا بێت، بە دروستی کارناکات و بە دروستی ناکێشێت."
هاوسەرۆکی دەم پارتی روونیکردەوە، ئەگەر داوای بەرپرسیارێتییەک دەکرێ، دەبێت هەلومەرجی جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییەش دابین بکرێ.
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای کرد کە هەلومەرجی ئازادانەی کارکردن، دیدار و پەیوەندی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکرێ و بە دەسەڵاتی گوت، "ئێوە چاوەڕێی ئەوەن بەڕێز ئۆجەلان بەرپرسیارێتییەکی وا قورس لە ئەستۆ بگرێ. ئایا پێویست ناکات ئەو دەرفەت و یاسایەی کە بتوانێت ئەو بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بکات، دابین بکرێت؟"
باکرهان داوایشی کرد کە (لیژنەی چاودێری) کە لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکدەهێندرێ، پەلەی لێبکرێ و دەست بەکارەکانی بکات. باکرهان گوتی: "ئێمە وەک دەم پارتی ئامادەین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرین و بانگ لە هەموو پارتەکانیش دەکەین کە لەم پرۆسە مێژووییەدا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن."




