رووداو دیجیتاڵ
بەکر بۆزداغ، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەسەر بازنەی رووها و یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە دەستی لەکارکێشایەوە.
بۆزداغ ماوەیەکە بەهۆی نەخۆشییەوە چارەسەر وەردەگرێت، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی بۆزداغ، بڕیارە فراکسیۆنی پەرلەمانیی ئاکپارتی، کەسێکی دیکە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرێت.
بەکر بۆزداغ کێیە؟
بەکر بۆزداغ لە 1ی نیسانی 1965 لە پارێزگای یۆزگات لەدایکبووە. کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی ئولوداغ و دواتریش کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سەلچوک تەواو کردووە. ماوەیەک وەک پارێزەر کاری کردووە.
ژیانی سیاسیی لە پارتی فەزیلەت دەستپێکرد و لە ساڵی 2002 وەک پەرلەمانتاری ئاکپارتی لەسەر بازنەی یۆزگات هەڵبژێردرا. بۆ ماوەیەکی زۆر پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی هەبووە.
بۆزداغ لە ماوەی کارکردنیدا چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە: یاریدەدەری سەرۆکوەزیران: دوو جار (2011-2013 و 2017).وەزیری داد: سێ جار (2013، 2015 و 2022) و سەرۆکی لیژنەی دەستوور لە پەرلەمان.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023دا وەک پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە رووها لە باکووری کوردستان هەڵبژێردرا و لە حوزەیرانی 2023ەوە وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کاری دەکرد.




