رووداو دیجیتاڵ لە گەڕەکی باشاکشەهیری شاری ئیستەنبووڵ، کچێکی تەمەن 15 ساڵان بە چەقۆ هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ناوەندی و هەشت قوتابی بریندار کرد، کە دۆخی تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە. رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، نزیکەی کاژێر 08:45 روویداوە. کچە هێرشبەرەکە کە قوتابی پۆلی 10ی قوتابخانەیەکی دیکەی هەمان گەڕەک بووە، بە جلوبەرگی فەرمیی قوتابخانەکەی خۆیەوە چووەتە نێو بیناکە و بە دوو چەقۆ کە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆی هێنابووی، پەلاماری قوتابییانی داوە. داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "ئەو کچەی هێرشەکەی کردووە، خەڵکی هەمان گەڕەک و قوتابی قوتابخانەیەکی دیکەیە؛ بە جلوبەرگی فەرمییەوە چووەتە ژوورەوە و بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، پەلاماری قوتابییانی داوە." دەستبەجێ دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی پۆلیس و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک لە ناوچەکە گواسترانەوە. کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا، سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان رایگەیاند: "هەر هەشت قوتابییە بریندارەکە لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، بەڵام دۆخی سێ لە قوتابییەکان ناجێگیرە و لە نزیکەوە چاودێریی رەوشی تەندروستییان دەکەین." بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ کچە هێرشبەرەکەیان دەستگیرکردووە و پشکنین و لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسوکارەکەیدا دەستیپێکردووە، تاوەکو هۆکار و پاڵنەری پشت ئەم هێرشە ئاشکرا بکرێت.