رووداو دیجیتاڵ دوای دۆزینەوەی نامەیەک کە ئاماژەی بە بوونی بۆمب دەکرد، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری هێڵی ئاسمانیی تورکیا بەپەلە لە فڕۆکەخانەی شاری رووها لە باکووری کوردستان نیشتەوە؛ دوای پشکنینی ئەمنیش دەرکەوت هیچ مادەیەکی تەقەمەنی لەنێو فڕۆکەکەدا نەبووە. ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای (AJET) بە گەشتی ژمارە VF 4180 کاژێر 19:00 لە ئەنقەرەوە بەرەو رووها بەڕێکەوت، بەڵام لە کاتی فڕینیدا تێبینییەک لە دەستشۆری فڕۆکەکەدا دۆزرایەوە کە تێیدا نووسرابوو "تەقەمەنی لەنێو فڕۆکەکەدا هەیە." دەستەی کارمەندان دەستبەجێ کاپتنی فڕۆکەکەیان ئاگادار کردەوە و ئەویش تاوەری چاودێریی فڕۆکەخانەی لە دۆخەکە ئاگادار کردەوە؛ سەرەنجام فڕۆکەکە بە بڕیارێکی فریاگوزاری و بە سەلامەتی کاژێر 20:05 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی گاپ (GAP) لە رووها نیشتەوە. حەسەن شڵداک، پارێزگاری رووها رایگەیاند، فڕۆکەکە 136 سەرنشین و 7 کارمەندی تێدا بووە و دەستبەجێ دوای نیشتنەوەی، سەرجەم سەرنشینەکان بە پاس بۆ شوێنێکی ئارام و دوور لە فڕۆکەکە گواستراونەتەوە. دەستبەجێ تیمەکانی دژەتیرۆر، تەندروستی و پسپۆڕانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب بە هاوکاریی سەگی تایبەتی بۆمبدۆزەرەوە دەستیان بە پشکنینی نێو فڕۆکەکە و کەلوپەلی سەرنشینەکان کرد. پارێزگاری رووها پشتڕاستی کردەوە کە دوای پشکنینێکی چڕوپڕ، هیچ جۆرە ماددەیەکی تەقەمەنی یان مەترسییەک لەنێو فڕۆکەکەدا نەدۆزراوەتەوە و هەواڵەکە تەنیا گومان و هەڕەشەیەکی بێبنەما بووە؛ دوای تەواوبوونی رێکارە ئەمنییەکانیش، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکە ئاسایی بوونەوە.
تورکیا05-10-2026وەزیری وزەی تورکیا: رێگەی گەشەپێدان دەکرێت ببێتە رێڕۆیێکی وزە بە بەهای 80 ملیار دۆلار