رووداو دیجیتاڵ
کەسێک بە چەکێكی ساختە هەوڵی بڕینی دوکانێکی زێڕنگری دەدات لە شاری ئیستەنبووڵ، زێڕنگرەکەش لەبری زێڕی راستەقینە، 20 بازنی ساختەی پێدەدا و دواتر پۆلیس لە کاتی هەوڵدان بۆ دزییەکی دیکە، تۆمەتبارەکەی دەستگیر کرد.
کامێرای چاودێری دوکانێکی زێڕنگری لە شاری ئیستەنبووڵ، رووداوێکی سەرنجڕاکێشی تۆمار کردووە.
رووداوەکە رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2026، کاژێر 03:25ی پاشنیوەڕۆ لە گەڕەکی یڵدرم لە ناوچەی بایرامپاشا لە شاری ئیستەنبووڵ روویداوە. کەسێک بەمەبەستی دزیکردن چووە ناو دووکانێکی زێڕنگری.
تۆماتبارەکە، بە ئامرازێکی هاوشێوەی چەک کە لەنێو زەرفێکدا شاردبوویەوە، هەڕەشەی لە زێرنگرێکی دووکانەکە کرد و داوای لێکرد زێڕەکانی سەر مێزەکە بخاتە ناو کیسەیەکەوە.
لە بەرامبەردا زێڕنگرەکە، بەبێ ئەوەی تووشی شڵەژان بێ، لەبری ئەوەی زێڕە راستەقینەکان بداتە دەست دزەکە، 20 بازنی ساختەی خستە ناو کیسەکە، کە لەنێو دوکانەکە بە مەبەستی نمایش هەڵواسرابوو.
تۆمەتبارەکە وایزانی کە زێڕی راستەقینەی وەرگرتووە، کیسەکەی هەڵگرت و لە دووکانەکە هەڵات.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی دزی و تاڵانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە شوێنی تۆمەتبارەکەیان دەستنیشان کرد و پاشان لەلایەن پۆلیسەوە لە دوکانێکی دیکەی زێڕنگریدا تۆمەتبارەکە دەستبەسەر کرا.
لە دانپێدانانەکانی تۆمەتبارەکەش دەرکەوتووە کە تۆمەتبار قەرزێکی زۆری قوماری لەسەر بووە، پێشتریش زێری منداڵەکەی و خەسووی بۆ قومار فرۆشتووە. ئێستاش بۆ دانەوەی قەرزەکانی هەوڵی دزیکردنی داوە.

