رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە. دوایین پێشهاتەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی دارایی لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ و هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
سبەی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026 دوای پشوویەکی سێ هەفتەیی، کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبێتەوە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، قۆناخی یاسایی و دوایین پێشهاتەکانی لێکۆڵینەوە دەبێت لە دۆسیەی گەندەڵی دارایی لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ کە چەندین بازرگان و کەسایەتی سیاسی و کۆمپانیای بەناوبانگ تێوەگلاون.
پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا رایگەیاندبوو، بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کێشەی لەو شێوەیە، رێکخستنی یاسایی و کارگێڕیی نوێ دەخرێنەڕوو. لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتە دوو وەزارەتی پەیوەندیدار ئەو هەنگاوانەی لەم چوارچێوەیەدا ناویانە، دەخەنە بەرباس.
تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە، ئەو هەنگاوانە دەبێت کە لە چوارچێوەی ئامانجی پرۆسەی چارەسەری نراون کە لە تورکیا بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناسراوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی دەزگا ئەمنییەکان لە مەیدانەوە بەدەستیان هێناوە، تاوتوێی دوایین پیشهاتەکانی چەکدانانی پەکەکە دەکرێ. ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا کە چاوەروواندەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆببێتەوە.
هەروەها، ئامادەکارییەکان بۆ ئەو کۆمیسیۆنەی کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دابمەزرێت، پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بەتایبەتی کە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم، ساڵی نوێی یاسادانانی پەرلەمان دەستپێدەکات.
لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەکات.
کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا. جگە لە سەرۆککۆمار و یاریدەدەرەکەی، لە 17 وەزیر پێکهاتووە. ئەم کابینەیە دوو هەفتە جارێک بەسەرۆکایەتیی ئەرۆدغان لە کۆشکی (بێشتەپە)، کە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمارە، کۆدەبێتەوە و تاوتوێ پرسە گرنگە نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.


