رووداو دیجیتاڵ هەژماری ئینستاگرامی رۆهان سێفۆی تەمەن 11 ساڵان، کە بەگۆرانیی "لێخە ئامەدسپۆر" لەماوەی 24 کاژێر دا زیاتر لە 5 ملیۆن بینەری هەبوو، لەتورکیا داخرا. رۆهان سێفۆ، کە بەگوتنەوەی گۆرانیی کوردی لەتەمەنێکی بچووکەوە سەرنجی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی راکێشاوە و خاوەنی هەوادارێکی زۆرە، دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک بۆ یانەی ئامەدسپۆر، هەژمارەکانی ئینستاگرام و تۆڕەکانی دیکەی کۆمەڵایەتیی لەتورکیا داخران. گۆرانیی (لێخە ئامەدسپۆر) دوای ئەو یارییە مێژووییە هات کە تێی دا ئامەدسپۆر بەئەنجامی 3-2 لەیانەی بێشیکتاشی بردەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی خێزانەکەی، گۆرانییەکە لەماوەی 24 کاژێری یەکەمی بڵاوکردنەوەی دا گەیشتە 5 ملیۆن بینەر. دیار سێفۆ، برای رۆهان، بەرووداوی راگەیاند، هەژمارەکان دوو رۆژ لەمەوبەر داخران و پێی وایە داخستنەکە بەهۆی سکاڵای ئەو لایەنانەوە بووە کە بەسەرکەوتن و ناوبانگی ئامەدسپۆر نیگەرانن. بنەماڵەکەی دەڵێن: "سەبارەت بەم بابەتە، نە لەدادگەوە و نە لەهیچ دامەزراوەیەکی دیکەوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان بەدەست نەگەیشتووە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکان بۆ کردنەوەی هەژمارەکان دەستیانپێکردووە و رایگەیاند، بەڕێوەبەری کارەکانی هونەرمەند جوان حاجۆ و پارێزەر مەرجان ئەرگونئاغا، کە پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاشە، چاودێریی دۆسیەکە دەکەن و لەهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی. یانەی ئامەدسپۆر کە یانەی سەرەکیی شاری ئامەدە، بەهۆی ناسنامە و بنکەی جەماوەرییەکەیەوە لەباکووری کوردستان بەردەوام دەبێتە جێی سەرنج و گفتوگۆ لەناوەندەکانی وەرزش و میدیای تورکیا دا. بڵاوبوونەوەی سروود و گۆرانیی کوردی بۆ پشتیوانیکردنی ئەم یانەیە لەلایەن منداڵان و هونەرمەندانەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا پێشوازییەکی زۆری لێدەکرێت، بەڵام هاوکات لەلایەن هەندێک بەکارهێنەر و لایەنەوە رووبەڕووی شەپۆلی بلۆککردن و داواکاری بۆ داخستن دەبنەوە.